غەریبئابادی: ئەمریکا خۆی داوای گفتوگۆی کردووە، نەک ئێران
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، گەرووی هورمز بووەتە بەشێک لە ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی و هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ، و هۆشداری دا هەر کەشتییەکی جەنگیی ئەوروپی لە گەرووەکە نزیک ببێتەوە دەبێتە ئامانجی شەرعیی ئێران، هاوڕێ لەگەڵ رەتکردنەوەی هەر داواکارییەک بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکادا.
سێشەممە 28ـی تەممووزی 2026، کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی، لە لێدوانێکی فەرمیدا سەرنجی خستە سەر پێگەی ستراتیژیی ئێران بەرامبەر بە گەرووی هورمز و کێشەی نێوان تاران و ئەمریکا.
غەریبئابادی رایگەیاند: "پێویستە جیهان بزانێت کە کۆماری ئیسلامیی ئێران کەرەستە و توانای بەرگریی خۆی بە توندی بەرەوپێش بردووە، و گەرووی هورمز بووەتە بەشێکی بنەڕەتی لە ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و توانایەکی بەهێزی بەرگرییە بۆ ئێمە. سیاسەتی فەرمیی ئێمە ئەوەیە کە گەرووی هورمز هەرگیز بۆ دۆخی پێش جەنگ ناگەڕێتەوە."
هۆشداری توندی دا کە هەر کەشتیگەلێکی جەنگیی ئەوروپی بیەوێت لە گەرووی هورمز نزیک ببێتەوە، وەک ئامانجێکی شەرعی و یاسایی هێزەکانی تاران دەستنیشان دەکرێت و هێرشی دەکرێتە سەر.
جێگری وەزیر جەختی کردەوە، ئەگەر ئێران رێڕەوی باشووری گەرووەکە بە رووی کەشتییەکاندا بکاتەوە، ئەوا چیتر ناتوانێت سەروەری و دەسەڵاتی خۆی تێیدا پەیڕەو بکات، و گوتی: "ئێران بۆ چەسپاندنی سەروەریی خۆی بەسەر گەرووەکەدا نیگەرانی هیچ بڕیارێک نییە، تەنانەت ئەگەر جەنگیش دەستپێبکاتەوە."
غەریبئابادی بوونی هەر داواکارییەکی ئێرانی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکادا لە ماوەی 15 رۆژی رابردوودا بە تەواوی رەتکردەوە و رایگەیاند ئەمریکییەکان خۆیان داوای دانوستانیان کردووە و لە رێگەی عومانەوە پەیامی ئەوەیان ناردووە کە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی ئێران ئەنجام نادەن.
سەبارەت بە پێشنیازی عومانیش بۆ داڕشتنی رێڕەوێک کە تێیدا 50%ـی رێڕەوەکانی نێوان هەردوو وڵات دابەش بکرێت، غەریبئابادی ڕایگەیاند کە ئەم پێشنیازە نیگەرانییە ئەمنییەکانیان ناڕەوێنێتەوە، و گوتی: "پێشنیازی بڕیاردەری ئێمە ئەوەیە کە دەبێت رێڕەوی چوونەژوورەوەی کەشتییەکان بە تەواوی لە ژێر دەسەڵاتی ئێراندا بێت، و بەشێک لە رێڕەوی دەرچوونیش بە هەمان شێوە بێت؛ ئەگەر ئەمە قبووڵ بکەن دەچینە قۆناخی داهاتوو، ئەگەر نا گەرووەکە بە داخراوی دەمێنێتەوە و ئێمە بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ تەواو ئامادەین."
ئاشکرای کرد، عومانییەکان دەیانویست وڵاتێکی سێیەم بۆ پاککردنەوەی مینی دەریایی لە بەشی باشووری گەرووەکە بهێنن، بەڵام تاران مۆڵەتی نەداوە، و بە هیچ شێوازێک رێڕەوی باشووری گەرووەکە بە فەرمی ناناسن؛ راشیگەیاند، تاران پێشنیازێکی کاتیی فەرمی پێشکەش بە عومان کردووە بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز، کە بەپێی پێشنیازەکە دەبێت کەشتییەکان لە ژێر چاودێری و کۆنترۆڵی توندی ئاوەکانی ئێراندا تێپەڕ ببن.
جێگری وەزیری دەرەوە ئاشکرای کرد، تاران بە مەسقەتی راگەیەندراوە کە چیتر سیستەمی کۆنی "جیاکردنەوەی کەشتیوانی" لە ناو گەرووەکەدا ناناسێت، چونکە ئەو رێڕەوە کە پێشتر لە ناوەڕاستی گەرووەکەدا بوو، زیاتر دەکەوتە ناو ئاوەکانی عومان و ئەمەش دژ بە پێویستیی ئۆپراسیۆنی پاراستنی ئێراندەرە بۆ چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی توندی هاتوچۆی کەشتییەکان لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە مانگی شوباتدا؛ ئێستا بەهۆی مەترسیی مینی دەریاییەوە، سیستەمی کۆنی جیاکردنەوە ناکارایە و رێڕەوی باکوور (ئێران) و رێڕەوی باشوور (عومان) وەک جێگرەوە بەکاردەهێنرێن.
غەریبئابادی جەختی کردەوە ئەم هەنگاوانەی ئێران لە پێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیدایە و دەستدرێژی نییە، و گوتی: "کاتێک ئەم سیستەمە بۆ ماوەی 60 ساڵ لە ئاوەکانی عوماندا بوو، ئێمە هیچ ناڕەزایەتییەکمان نەبوو." هۆشداری توندی دا بەوەی کە تاران لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا رێگە نادات بە چوونەژوورەوەی هیچ وڵاتێکی سێیەم، تەنانەت لەسەر بانگهێشتی فەرمیی عومانیش، بۆ پاککردنەوەی مینی دەریایی لە گەرووی هورمزدا.