لاهور شێخ جەنگی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق پڕۆژەیەک ئامادە دەکات
K24 - هەولێر
لاهور شێخ جەنگی پڕۆژەیەکی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق هەیە و سەرکردەیەکی نزیکیشی دەڵێت، "بەمزووانە سەردانی پارتی و یەکێتی دەکەین و پڕۆژەکە پێشکەشی ئەوانیش دەکەین".
ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی حوزەیرانی 2023، ژینۆ محەممەد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی کە بە بڕیارێکی حزبەکەی لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە و کەسێکی نزیکی لاهور شێخ جەنگییە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەماوەی رابردوودا بە یاوەری لاهور شێخ جەنگی سەردانی هەر یەکە لە گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵیان کرد و پڕۆژەیەکیان پێشکەشکردن، "ئەگەر لایەنەکان پڕۆژەکە قبووڵ بکەن، ئەنجامەکەی لە بەرژەوەندی گەلی کورددا دەبێت".
رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق (بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بە بەشداریی زیاتر لە 23 ملیۆن دەنگدەر بەڕێوەدەچێت. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لە مانگی تهممووز دهست به تۆماركردنی هاوپهیمانێتی، حزب و كاندیدهكان دهكهن.
ژینۆ محەممەد ئاماژەی بەوەشدا، ئەو پڕۆژەیەی ئاراستەی گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵیان کردووە، بریتیە لە دروستکردنی کۆدەنگی و لیستێکی هاوبەشی هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، بۆ ئەوەی مافی کورد لە پارێزگای کەرکووک و پارێزگاکانی دیکە کە دەنگدەری کوردی لێیە، نەفەوتێت.
وەکو ئەوەی ژینۆ محەممەد باسی کرد، دوای ئەوەی سەردانی بەشێک لە لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان کرد، لە داهاتوویەکی نزیکدا لاهور شێخ جەنگی، سەردانی سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی و پارتیش دەکات و هەمان پڕۆژەیان پێشکەش دەکات.
لەبارەی ئەوەی ئەگەر پڕۆژەکەی لاهور شێخ جەنگی لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە پەسەند نەکرا، هەڵوێستی ناوبراو چی دەبێت و لیستی تایبەتی دەبێت؟ ژینۆ محەممەد گوتی، "ئێمە دەستەوەستان ناوەستین و ئەو کات هەوڵوێستی خۆمان دەبێت".
رۆژی پێنجشەممە 4ـی ئایاری 2023، لاهور شێخ جەنگی بە یاوەری ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی حزبەکەی، لە هەولێر بەجیا لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی گشتی ئیسلامی کۆبووەوە و دواتر رایگەیاند: "هەڵبژاردن تەنیا چارەسەرە بۆ ئەم قۆناغەی هەرێمی کوردستان، بۆیە پێویستە پەلە بکرێت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا."
پێشتر رۆژی چوارشەممە 22ـی شوباتی 2023، لاهور شێخ جەنگی رایگەیاندبوو "دوای دهرچوونی بڕیاری دادگا به گهڕانهوهی سهرجهم مافه یاسایی و حزبییهكانم، كه به شهرعییهتی كۆنگره و بهدهنگی ئێوه بهدهستم هێنا، ئاگادارتان دهكهمهوه، لهمڕۆ بهدواوه، له چوارچێوهی پهیڕهوی ناوخۆی یهكێتی، دهسهڵاتهكانم وهك هاوسهرۆكی یهكێتی بهكاردههێنم و ههر بڕیار و بهرنامهیهك بهمافی خۆمی دهزانم ئهگهر سهركردایهتی یهكێتی نهیتوانی چارهسهری كێشهكان بكات".
لە 8ی تەمووزی 2021، بە بڕیارێک لاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی لە حزبەکەیان دوورخرانەوە، دوای تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لە دادگا ئەو مافە بۆ لاهور جەنگی گەڕێندرایەوە.
