پۆلیسی هەولێر سێ تۆمەتبار بە دزینی 28 ملیۆن دینار دەستگیردەکات

K24 – هەولێر:
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، سێ تۆمەتبار بەهۆی دزینی قاسەی کارگەیەکی دروستکردنی بۆری پلاستیک دەستگیرکران و پێش ئەوەی قاسەکە بشکێنن تواندرا ئاشکرابکرێن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دوای ئەوەی شەوی (24/23ـی حوزەیرانی 2023) حاڵەتێکی دزین لە یەکێک لە کارگەکانی رێگەی هەولێر – خەبات روودەدات، پۆلیسی هەولێر بە هاوکاری ئاسایشی ناوچەکە، دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد و گومانەکان لە کرێکارەکانی کارگە بووە کە ژمارەیان زیاتر لە 100 کرێکارە.
سەرچاوەکەی پۆلیسی هەولێر ئاشکرایکرد، دوای لێکۆڵینەوەکان توانییان دوو کرێکار و سەرپەرشتیارێکی کارەکە لەناو کارگەکە دەستگیر بکەن و دان بە تاوانەکە بنێن، وەک لە کامێراکانی چاودێرییەوە دەرکەوتووە، دوو کەسی دەمامکدار قاسەی کارگەکە لە رێگەی ماتۆڕسکیلێکەوە دەدزن.
هاوکات لە لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی هەولێر ئەوەش ئاشکرا کراوە، کە تۆمەتبارەکان هەرسێکیان بە رەگەز سووریین بە ناوەکانی (ق. م. ج.) و (ی. ک. ش.) و (م. ع. م.) لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە بەندکراون بەپێی ماددەی (443)ـی و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.
وەک لە دانپێدانانی ئەو تۆمەتبارانەدا هاتووە، ئەو قاسەیەی دزیویانە، نەیانتوانیوە بیشکێنن و وەک خۆی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە، کە بڕی 28 ملیۆن دیناری تێدابووە.
هەروەها پۆلیسی هەولێر دەستی بەسەر قاسەکە و ئەو ماتۆڕسکیلەشدا گرتووە کە تاوانی دزینەکەی لەلایەن ئەو سێ تۆمەتبارەوە پێئەنجامدراوە.