پڕۆژەی دووسایدی ئێتیت - باعەدرێ بەر لە وادەی دیاریکراوی خۆی تەواو دەبێت

پڕۆژەی ستراتیجیی دووسایدی ئێتیت - باعەدرێ لە ناوچەیەکی شاخاویی سەختدا بە دەستی کاری ناوخۆیی گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی، و ئەندازیاری سەرپەرشتیاریش رایدەگەیەنێت کە پێش تەواوبوونی ماوەی فەرمی، پڕۆژەکە کۆتایی پێدێت.

دلۆڤان عارف، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، 10 ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاس لە دووسایدی ئێتیت - باعەدرێ دروستکراون و لە کۆی 27 کیلۆمەتر، 23 کیلۆمەتری رێگاکە تەواو بووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ماوەی بۆ تەواوبوونی پڕۆژەکە دانراوە مانگی تەممووزی ساڵی داهاتووە، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەن پێش ئەو ماوەی دیاریکراوە پڕۆژەکە تەواو بێت. ئەم پڕۆژەیە سەرەڕای ئەوەی دەکەوێتە ناوچەیەکی شاخاویی سەختەوە، بەتەواوی بە دەستی کاری ناوخۆیی و بە ستانداردێکی بەرزی ئەندازیاری جێبەجێ دەکرێت.

درێژیی رێگاکە 28 کیلۆمەترە و پانییەکەی 12 مەترە، لەخۆگرتنی 10 سەرپرد و ژێرپرد، تونێلێکی دەستکرد بە درێژیی 300 مەتر، لەگەڵ پردێکی گەورە بە درێژیی 500 مەتر و زیاتر لە 100 ئاوبارە.

بەهۆی سەختیی هەڵکەوتەی جوگرافیی ناوچەکە، بە قەبارەی 6 هەزار مەتر سێجا کاری بڕینی شاخ و بە قەبارەی دوو ملیۆن مەتر سێجا کاری پڕکردنەوەی چاڵ و نشێویی تێدا ئەنجام دراوە.

هەروەها 45 هەزار تۆن شیش و زیاتر لە 4 هەزار مەتر سێجا کۆنکرێت لە دروستکردنی پێکهاتەکانی پڕۆژەکەدا بەکار هێنراون، و زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار مەتر سێجا بە ئەستووریی 22 سانتیمەتر قیرتاو دەکرێت. رۆژانە 2000 کرێکار و 1000 ئامێری جۆراوجۆر بە شێوەی 24 کاتژمێری و بێوەستان کاری تێدا دەکەن.