وردەکاری پڕۆسەی لەجێدانانی فەرمانبەران ئاشکرا کرا
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی راژەی گشتی، رێنمایی و رێکاری تایبەت بە پڕکردنەوەی شوێنی ئەو وانەبێژ و کارمەندانەی لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خزمەتیان کۆتایی هاتووە، ئامادە دەکات.
ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی راسپاردەکانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانە، بۆ ئەو کەسانەی پێشتر بە گرێبەست لەسەر داهاتی ناوخۆ دامەزراون و بەهۆی خانەنشینبوون، کۆچی دوایی، دەست لەکارکێشانەوە یان هەر هۆکارێکی دیکە، شوێنەکانیان بەتاڵ بووەتەوە.
لەبارەی وردەکاریی پرۆسەکە، لێژنەی باڵای رێنمایییەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری جەختدەکاتەوە "پڕۆسەی پڕکردنەوەی شوێنەکان بەپێی مەرج و پێوەری تایبەتمەند دەبێت و هیچ جۆرە واستە و واستەکارییەک لەو پرۆسەیەدا بوونی نییە".
بەپێی زانیارییەکان، نزیکەی 4000 هەلی نوێ بۆ ئەو کەسانە دەڕەخسێندرێت کە تا ئێستا چانسی دامەزراندنیان نەبووە. هاوکات پێداچوونەوە بۆ سەرجەم گرێبەستەکانی پێشوو دەکرێت و مووچەی ئەو توێژانەش لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە دەگوازرێتەوە سەر ئەستۆی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو قۆناخانەی رووبەڕووی قەیرانی دارایی ببووەوە و بودجەی پێویستی لەبەردەست نەبوو، بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی پەروەردەیی و زانستی، 42 هەزار وانەبێژ و کارمەندی بەشێوەی گرێبەست لەسەر داهاتی ناوخۆ دامەزراند. ئێستا پڕۆسەی لەجێدانان و رێکخستنەوەی ئەو گرێبەستانە بەردەوامە.