لە ئەڵمانیا داوای قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی دەستی حزبی شیوعی دەکرێت

ماری لویس ترۆپس
ماری لویس ترۆپس

K24 - هەولێر

هیچ کەس لە خێزانەکەی "ماری لویس ترۆپس" لە گەیزا لە ئەڵمانیای رۆژهەڵات نەماوە تەنها چەند یادگاریەک نەبێت، لەوانە یارییەکی دار کە لە باڵکۆنی چێشتخانەکەیدا نمایشی دەکات، بۆ ئەوەی یادی منداڵی خۆی بکاتەوە لە بەشی کۆمۆنیستی وڵاتەکەدا.

بەپێی رۆژنامەی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەو ژنە حەفتا ساڵانە تا تەمەنی دە ساڵی لەو شارۆچکەیە ژیاوە، دواتر دەسەڵاتدارانی کۆماری دیموکراتی ئەڵمانیا لە ساڵی 1961 بنەماڵەکەی دەرکرد، لە دوای یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا لە ساڵی 1990ەوە، داوای قەرەبوو لە حکومەتی ئەڵمانیا دەکاتەوە.

ماری لویس کە سەرۆکی کۆمەڵەی ئاوارەی زۆرەملێیە لە ئەڵمانیای رۆژهەڵات و ئێستا لە شاری ئێرفۆرت دەژی، کە نزیکەی 130 کیلۆمەتر لە شارۆچکەی منداڵییەکەیەوە دوورە دەڵێت: "ئێستا دواجار تیشکێکی هیوا دەبینین".

سۆسیال دیموکراتەکانی ئێستای دەسەڵاتدار بەنیازن قەرەبووی ئەو کەسانە بکەنەوە کە زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی ئەو نادادپەروەرییەی کە لەلایەن پارتی شیوعی ئەڵمانیای رۆژهەڵاتەوە بەسەر هاوڵاتیاندا سەپێنراوە، بە خستنەڕووی ئاوارەبووەکان لە لیستی گروپە قوربانییەکان.

نزیکەی 12 هەزار دانیشتووی ناوچەی سنووری نێوان هەردوو بەشەکەی ئەڵمانیا ناچار بوون، لە نێوان ساڵانی 1952 بۆ 1961، وەک ترۆپس و خێزانەکەی بەرەو رۆژهەڵای ئەڵمانیای رۆژهەڵات راگواسترانەوە، لەو 12 هەزار کەسە تاوەکو ئەمڕۆ تەنها نزیکەی هەزار کەسیان بە زیندووی ماونەتەوە.

وێنەیەکی ئەرشیفی خۆپیشاندەران لە بەرلینی ڕۆژهەڵات لە 17ی حوزەیرانی 1953 بەرد لە  تانکێکی سۆڤیەت دەگرن.
وێنەیەکی ئەرشیفی خۆپیشاندەران لە بەرلینی ڕۆژهەڵات لە 17ی حوزەیرانی 1953 بەرد لە  تانکێکی سۆڤیەت دەگرن.

ماری لویس بەیانی 3ی تشرینی یەکەمی 1961ی بە سەرسوڕمانەوە گێڕایەوە و گوتی: لەگەڵ گەڕانەوەی لە کڵێسا، ژمارەیەک بارهەڵگر و کۆمەڵێک پۆلیسی چەکدار لەبەردەم ماڵی خێزانەکەیدا وەستابوون، ئاماژەی بەوەشکرد، "لەبەرچاوی هەمووان ئێمەیان بردە دەرەوە بۆ سەر شەقام، وەک ئەوەی تاوانبار بین"،  باوکم تاوەکو مرد بەردەوام پرسیاری ئەوەی دەکرد خەتای ئێمە چی بوو؟.

ئەم ئاوارەبوونە زۆرەملێیانە کاریگەرییان لەسەر ناوچەکانی باکووریش هەبووە، وەک دۆمیتز، وەک ئینگێ بینێڤیتز دەڵێت: برینەکان هەرگیز ساڕێژ نەبوون، ئەمڕۆ ئەو ژنە تەمەن 82 ساڵە لە ئۆفیسەکەی لە بەرلین بیری دێنێتەوە کە چۆن دایک و باوکی بە ناڕەوا دەرکراون کاتێک خوێندکار بووە، ئەو باس لەوە دەکات کە لە ماڵە نوێیەکەیاندا "تەنها دوو ژووری تەسک هەبوون کە چێشتخانەیان تێدا نەبووە و حەمامەکەش لە حەوشەدا بووە" و دەشڵێت "لەناکاو هیچمان نەما".

ترۆپس جەخت لەوە دەکاتەوە: "کۆمەڵگا دەبێت قەرەبووی ئەم زەبر و زەنگە بکاتەوە، ئەگەرنا قوربانییەکان هەرگیز ئارامی نادۆزنەوە"،  ترۆپس داوای قەرەبووی بیست هەزار یۆرۆ دەکات، دە هەزار یۆرۆ بۆ ئەو نادادپەروەرییەی کە لە کۆماری دیموکراتی ئەڵمانیا بەسەرماندا هات، دە هەزار یۆرۆش بۆ ئەو نادادپەروەرییەی کە لە ساڵی 1990ەوە بەسەرمان هاتووە.

ئەڵمانیا لە ساڵی 1992ەوە، دوو یاسای دەرکردووە، کە بە بەردەوامی هەموار دەکرێنەوە، بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی حزبی شیوعی لە ئەڵمانیای رۆژهەڵات و بە تایبەتی زیندانیانی پێشوو و ئەو کەسانەی لە منداڵەکانیان جیابوونەتەوە، بەڵام تا ئێستا قەرەبوو نەدراوەتەوە بە زۆرەملێ ئاوارەبوون بەهۆی ڕێکارە کارگێڕییەکانەوە.

ئیڤلین زوبکە، کۆمیساری فیدراڵی بۆ قوربانیانی دیکتاتۆری شیوعی لە ئەڵمانیای رۆژهەڵات بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، رووداوەکانی ساڵانی 1952 و 1961 زۆر کۆنن و بەڵگەنامەکانی ئەو قۆناغە تەواو نین، ئەو کۆمسیارە کە لە ساڵی 2021 پۆستەکەی وەرگرتووە، لەگەڵ جێگران و کۆمەڵەکان کاردەکات بۆ پەرەپێدانی ئەو یاسایانەی کە لەبیردەکرێن و دەڵێت، بۆ بەرپرسانی سیاسی دووبارەی دەکەمەوە کە دەبێت بە خێرایی هەنگاو بنێین بۆ پێشوازی لە دەستپێشخەریەکەی سۆسیال دیموکراتەکان و داوای رەشنووسی یاسایەک دەکات لە پێش کۆتایی ساڵ.

خۆپیشاندانی کرێکاران لە بەرلین، 17ی حوزەیرانی 1953
خۆپیشاندانی کرێکاران لە بەرلین، 17ی حوزەیرانی 1953