قایمقامیەتی سلێمانی: چوار کەس لەسەر سەربڕینی ئاژەڵ بە نایاسایی دەستگیرکران
K24 - هەولێر:
قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەت ھەڵمەتێکیان بۆ لابردنی ئەو شوێنانەی بە نایاسایی دانراون بۆ فرۆشتن و سەربڕینی ئاژەڵ دەستپێکردوە و، چوار کەسیش لەسەر سەربڕینی ئاژەڵ بە نایسایی دەستگیرکراون.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی قایمقامیەتی سلێمانی، لیژنە ھاوبەشەکان بەردەوامن لە ھەڵمەتی نەھێشتنی ئەو شوێنانەی بەنایاسایی دانراون بۆ فرۆشتن و سەربڕینی ئاژەڵ، لەو چوارچێوەیەشدا بنکەی پۆلیسی راپەرین سێ کەسی دەستگیرکردوە، لە سلێمانیش کەسێک دەستگیرکراوە.
ئاماژە بەوەشدرا، دەستیش بەسەر بڕێکی زۆری پێداویستی سەربڕینی ئاژەڵدا گیراوە.
هاوکات، رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، توانیویانە کۆنتڕۆڵی (90%) ئەو شوێنان بکەن کە بە نایاسایی ئاژەڵی لێ سەردەبڕدرێت.
لە سەرەتای ئەم مانگە، لە نووسراوێکی وەزارەتی تەندروستی کە واژۆی د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی پێوەیە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەکان کرابوو، چەند خاڵێکی خستووەتەڕوو بە مەبەستی گرتنەبەری رێوشوێن بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون، یەکێک لەو رێوشوێنانەش، قەدەغەکردنی سەربڕینی ئاژەڵە لە ماڵان و شوێنە رێپێنەدراوەکاندا.