ئەو پۆلیسە فەرەنسییەی تەقەی لە مێرمنداڵێک کرد تۆمەتی 'کوشتنی بەئەنقەست'ـی درایە پاڵ

K24 - هەولێر:
ئەو پۆلیسەی لە پاریس تەقەی لە مێرمنداڵێکی تەمەن 17 ساڵ کرد، تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەستی درایە پاڵ، هاوکات دەسەڵاتدارانی فەرەنسا ترسی فراوانبوونی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانیان هەیە، کە دوای کوژرانی مێرمنداڵەکە سەریانهەڵدا.
ئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنسی بڵاویکردەوە، بەگوێرەی یاداشتێکی هەواڵگری کە لە لایەن سەرچاوەیەکی پۆلیسەوە گواستراوەتەوە، دەکرێت ئەو توندوتیژییە لە "شەوانەکانی داهاتوو"دا "فراوانتر" ببێت و بە پۆلیس و هێماکانی دەوڵەت بەئامانج بگیرێن.
پاسکال براچ، داواکاری گشتی شاری نانتێر تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەستی خستەپاڵ ئەو پۆلیسەی رۆژی سێشەممە 27ـی مانگ تەقەی لە مێرمنداڵەکە کرد.
داواکاری گشتی پێی وایە کە مەرجە یاساییەکانی بەکارهێنانی چەک جێبەجێ نەکراون، داوای راگرتنی ئەو پۆلیسەشی کرد کە تۆمەتەکەی دراوەتە پاڵ، کە بەپێی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، ئەم داواکاریە لەمجۆرە حاڵەتانەدا، بژاردەیەکی دەگمەنە.
بەگوتەی پارێزەرەکەی، پۆلیسەکە داوای لێبوردنی لە خێزانی مێرمنداڵەکە کردووە.
پارێزەری پۆلیسەکە گوتیشی: ئەو پۆلیسە 38 ساڵە فەرەنسیە بە بینینی ڤیدیۆکە تووشی شۆک بووە و تەواو رووخاوە، چونکە ئەو بەیانیان لەخەو هەڵناستێت بۆئەوەی خەڵک بکوژێت.
دایکی مێرمنداڵەکەش کە خەڵکی جەزائیرە پێی وایە، رووداوی کوشتنەکە پاڵنەری رەگەزپەرستی لەپشتە.
کوژرانی مێرمنداڵێک بەناوی نائل بەدەستی پۆلیسی فەرەنسا، تووڕەیی و کاردانەوەی فەرەنسییەکانی لێکەوتەوە و، لە پاریس و شار و شارۆچکەکانی دیکە خۆپیشاندان دەستی پێ کرد و تا ئێستا بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی خۆپیشاندانەکانەوە، زیاتر لە 660 کەس دەستگیرکراون.
لە خۆپیشاندانەکاندا، بەشێك لە هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی وەک پاس و ترام، زیانیان پێگەیشتووە و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت کارێکی ناڕەوایە، گوتیشی: هیچ پاساوێک نییە بۆ کوژرانی مێرمنداڵەکە.
مێرمنداڵێکی تەمەن 17 ساڵ رۆژی 27ـی ئەم مانگە لەکاتێکدا کە هەوڵدەدات بە ئۆتۆمبێل لەدەست دوو پۆلیسی فەرەنسی هەڵبێت، لەلایەن یەکێک لە پۆلیسەکانەوە تەقەی لێدەکرێت و دواتر گیان لەدەستدەدات. pic.twitter.com/vt7nf1zQWl
— Kurdistan24 (@kurdistan24tv) June 29, 2023