كاتەكانی پێدانی كارەبا بە ھاووڵاتیانی گەرمیان زیاد دەكرێت
بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵی كارەبای گەرمیان دەكرێتەوە
K24 – گەرمیان
ئەمڕۆ بڕیاردرا بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵی كارەبای گەرمیان بكرێتەوە گوتەبێژی كارەبای گەرمیانیش دەڵێ، لە ئەمڕۆوە بڕیارەكە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و كاتی پێدانی كارەبا لە گەرمیان 3 بۆ 4 كاتژمێر زیاتر دەدرێت بە ھاووڵاتیانی ناوچەكە.
سیامەند محەممەد گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای گەرمیان بە ماڵپەڕی كورستان24 راگەیاند: "بڕیاردراوە كە بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی كارەبای گەرمیان بكرێتەوەم بۆ ئەم مەبەستە ئەمڕۆ لیژنەیەك لە كۆنترۆڵی كارەبای ھەرێم سەردانی ناوچەكەیان كردووە و ھەر ئەمڕۆ بڕیارەكە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە".
گوتیشی: "كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵ لە گەرمیان سوودی زۆری ھەیە بۆ خەڵكی ناوچەكە و كاتەكانی پێدانی كارەبا بە ھاووڵاتیان 3 بۆ 4 كاتژمێر زیاد دەبێت، جگە لەوە كارەبای گەرمیان جۆرێك لە سەربەخۆیی دەبێت لە پێدانی كارەبا، چونكە كارەباكە لە ژێر كۆنترۆڵی كارەبای گەرمیان دەبێت".