بەڕێوەبەری هەواڵگری ئەمەریکا: پەیوەندیم بە هەڵگەڕانەوەی ڤاگنەرەوە نییە
K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا (سی ئای ئەی) رایگەیاند، هیچ پەیوەندییەکییان بە هەڵگەڕانەوەی گرووپی ڤاگنەرەوە دژی رووسیا نییە.
لە گوتارێکدا لە دامەزراوەی دیچێلی سەر بە ئۆکسفۆردی بەریتانیا، ویڵیام بێرنز بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا گوتی "ئەو پشێوییەی لە رووسیا بەهۆی داگیرکردنی ئۆکرانیاوە دروستبووە، هەلی ئەوەی خستووەتە بەردەمی وڵاتان، سیخوڕی خۆیان لە رووسیا بڵاوبکەنەوە".
باسی لەوەشکرد، بەردەوامی جەنگ دەبێتە هۆی زیاتر لاوازبوونی رووسیا، بەڵام دەزگا میدیاییەکانی نزیک لە مۆسکۆ ئەمە بەپێچەوانەوە نیشانی خەڵک دەدەن.
بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا، راێشگەیاند "هەڵگەڕانەوەکەی گرووپی ڤاگنەر، ئەوەی نیشاندا خەڵکی رووسیا لە دەسەڵاتی ڤلادیمێر پوتن توڕە و نیگەرانن".
درەنگانی شەوی (23ـی حوزەیرانی 2023)، یێڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر جەنگی دژی سوپای رووسیا و حکومەتی مۆسکۆ راگەیاند و هێزەکانیان چوونە ناو شاری رۆستۆڤ لە سنووری رووسیا و تەواوی بنکە سەربازییەکانیان کۆنترۆڵکردووە.
لە بەرامبەر ئەوەشدا، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، "ئەوەی روودەدات خیانەتێکە و دەیانەوێت رووسیا بکەویتە شەڕی ناوخۆ و رووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە خیانەتە پێویستی بەکاری هەمەلایەنە هەیە و سزای تاک بە تاکی خیانتەکاران دەدەین و لەبەردەم گەل بە دادپەروەرییان دەگەیەنین".
ئەو دۆخە نەگەیشتە 24 کاتژمێر و نووسینگهی سهرۆكی بیلارووسیا بڵاویكردهوه، گرووپی ڤاگنهر رازی بووه دۆخهكه له رووسیا هێوربكاتهوه و چالاكییه سهربازییهكانی بوهستێنێت ئەمەش لەسەر پێشنیازی ئهلیكسهندهر لۆكاشینكۆی سەرۆکی ئەو وڵاتەوە بووە کە گرووپەکە پێشڕەوییەکانی بەرەو مۆسکۆ بوەستێنێت