ئومێد خۆشناو: بە مەبەستی پڕۆژەی نوێ بۆ چارەسەری ئاوی ماڵان شاندێک دەچێتە سعوودیە

"بۆ بابەتی هاوین و وشکەساڵی 20 ملیار دینار تەرخان کراوە"
ئومێد خۆشناو
ئومێد خۆشناو

K24 - هەولێر

بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی نوێ و چارەسەری ئاوی ماڵان، شاندێکی پارێزگای هەولێر سەردانی سعوودیە دەکات و پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، یەکێک لە بابەتە ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بابەتی ئاوە لەشاری هەولێر، لەم وەرزەدا 20 ملیار دینار بۆ ئەوبابەتە تەرخان کراوە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکیدا بە کوردستان24ی راگەیاند: بە دڵنیاییەوە یەکێک لە بابەتە ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بابەتی ئاوە لە شاری هەولێر کە پرسێکی زۆر گرنگە، سەرەڕای ئەوەی ساڵانە کە بودجەی پێویست تەرخان دەکرێت، لە وەرزی هاویندا، بەڵام هەولێر بە بەردەوامی ئەو گرفتەی هەیە، هەروەها شکانی بۆڕیەکانمان بە جۆرێک چارەسەر کرا کە بودجەیەکی پێویستی بۆ دابین کرا".

گوتیشی: ئەمساڵیش بۆ بابەتی هاوین و وشکەساڵی بۆ هەر سێ مانگ، رەزامەندی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، وەرگیراوە و 20 ملیار دینار تەرخان کراوە، بەخێرایی هەندێک لەو رێکارانە دەگیرێتە بەر، بەڵام ئەمە چارەسەری کاتیە.

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆژەی دیکەش هەیە، کە پێشتر کۆمپانیای بایۆتەر گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام ئەو کۆمپانیایە کارەکانی نەکردووە، حکومەتیش چەندین جار ئاگاداری کردوونەتەوە و گفتوگۆیان لەگەڵ کراوە، ئەگەر کارەکان نەکەن رێکاریی دیکەیان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.

ئاشکراشی کرد، یەکێکی تر لە پلانەکان ئەوەیە، ئێمە لە رێگەی وەبەرهێنەرانی بیانی وڵاتان و بابەتی قەرز، کە بەو نزیکانە شاندێکی پارێزگای هەولێر سەردانی وڵاتی سعوودیە دەکەن و لەگەڵ ئەوان لە گفتوگۆداین، پلانەکەی تر وەبەرهێنەرانی ناوخۆییە کە گفتوگۆمان لەگەڵ بەشێکیان کردووە، کە ئەوانیش خۆیان ئامادە بکەن لە ئاستی ناوخۆدا، هەموو ئەوانە بەئامانجی ئەوەیە لە زووترین کاتدا، بابەتی ئاوی هەولێر چارەسەر بکرێت، بە سوود وەرگرتن لە ئاوی سەرزەوی، کە چی دیکە بەفیڕۆ نەچێت و ئاوی ژێرزەویش لەو مەترسیانە دەربازی بێت.

ئومێد خۆشناو جەختی لەوە کردەوە،  بۆ کۆگاکردنی ئاوی ژێر زەویش بەنداوی گۆمەسپان کە کاری باشی تێدا کرایە، هەروەها لەو رۆژانەش سەرۆکی حکومەت بەردی بناغەی بەنداوی بەستۆڕەی دانا، کە ئەویش لە ماوەی یەک ساڵدا تەواو دەکرێت، هەروەها بەنداوی مەنداوە یەکێک لە پلانە ستراتیژییەکانە و حکومەتی عێراقیش رەزامەندی داوە، کە دەست پێبکات، ئەمەش هەم بۆ کۆگاکردنی ئاوی ژێرزەوییە، هەم بۆ ئاوی سەر زەوی هێڵێکی تری بۆ هەولێر دەبێت.