فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای سوودان هێرشێکی ئاسمانی بەرفراوانیان بۆ سەر خەرتوم ئەنجام دا
K24 - هەولێر
لە بەرەبەیانی رۆژی شەممەوە هێزەکانی پشتیوانی خێرا هێرشی بەرفراوانیان دەستپێکرد بۆ هێرشکردنە سەر بارەگاکانی فەیلەقی زرێپۆشی سوپای سوودان لە ناوچەی ئەلشەجەرە لە باشووری خەرتوم، سەرچاوەکان پشتڕاستیان کردەوە کە پێکدادانەکان چەکی سووک و قورس لەنێوان هەردوولادا بەکارهێنراوە.
شایەتحاڵەکان رایانگەیاند، فڕۆکەکانی سوپای سوودان هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر پێگەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە ژمارەیەک ناوچەی باشووری کەمپی "تیبە" کە گەورەترین شوێنی سەربازی هێزەکانی پشتیوانی خێرایە لە خەرتومی پایتەخت .
سەرچاوەیەک بە شەرقولئەوسەتی راگەیاند، هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە چەند ئاراستەیەکەوە گەمارۆی فەیلەقی زرێپۆشەکەیان داوە، بەڵام هەوڵی هێرشکردنە سەری پشتڕاست نەکردووەتەوە.
لە هەفتەی رابردوودا، هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەستیان بەسەر بارەگای هێزەکانی پۆلیسی یەدەگی ناوەندیدا گرت، لە باشووری خەرتوم، دواتر بارەگای زرێپۆشەکان و تەقەمەنیەکان بوونەتە ئامانجی هێزەکانی پشتیوانی خێرا.
لای خۆیەوە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی سوودان، لە رۆژی شەممەدا، درێژکردنەوەی ماوەی داخستنی ئاسمانی سوودان تا 10ی مانگی تەمموز راگەیاند، جگە لە گەشتە ئاسمانییەکان بۆ مەبەستی مرۆیی، لە کاتێکدا پێکدادان لەنێوان هەردوو لایەنی ململانێکان بەردەوامە.
فڕۆکەکانی سوپا گەشتی سیخوڕی ئاسمانییان لە شارەکانی خەرتوم و ئوم درمان ئەنجامدا، هێزەکانی پشتیوانی خێراش بە دژە زەمینی رووبەڕوویان بوونەوە.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوە خۆجێییەکان رایانگەیاندووە، هێزە تایبەتەکانی سوپا لە ناوچەی ئەردە لە شاری ئوم درمان لەگەڵ گروپەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا رووبەڕوویان بووەتەوە، و ناچاریان کردووە پاشەکشە بکەن، ئەوەش دوای شەڕێکی توند کە لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا روویداوە.
سەندیکای پزیشکانی سوودان رایگەیاند، کە هێزێکی سەربازیی سەر بە هێزەکانی پشتیوانی خێرا ستافێکی پزیشکییان لە نەخۆشخانەی "ئەلشوهادە" لە ناوچەی درۆشاب لە باکووری شاری بەحری تیرۆر کردووە.
سەندیکای پزیشکانی سوودان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزە سەربازییەکە تەواوی تاقیگەکەیان سووتاندووە، لە هەموو نەخۆشەکان و هاوڕێکانیان و کارمەندانی تەندروستییان داوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی تەواوی نەخۆشخانەکە چۆڵبکرێن و بە تەواوی هیچ خزمەتگوزارییەکی تێدا نەماوە، سەندیکا بە توندی ئیدانەی دۆخی شەڕ و ململانێی چەکداری و نهێنییەکانی و پێشێلکارییە بەردەوامەکانی دژی خەڵکی مەدەنی بێ چەک و دژی دامەزراوە و موڵک و ماڵی گەلی سوودان کرد.
ئەو هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەکە، و تیرۆرکردنی ستافی پزیشکی و دەستدرێژیکردنە سەر نەخۆشەکانی بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤی زانی، ئاماژەی بەوەدا کە کارنەکردنی نەخۆشخانەکە شاری بەحری لەدەست دەدات، کە دامەزراوەیەکی تەندروستی گرنگە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی کە لە ناوەڕاستی پێکدادانەکانی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرادا گیراون.
بەڵام هێزەکانی پشتیوانی خێرا ڕەتیکردەوە هێرشیان کردبیتە سەر نەخۆشخانەکە، و بە "زانیاری چەواشەکارانە و درۆینەیان زانی کە پەیوەندی بە راستییەوە نییە".