هەفتەی داهاتوو سەرۆکوەزیرانی سوید سەردانی ئەمەریکا دەکات

K24 – هەولێر:

بەمەبەستی گفتوگۆکردن دەربارەی بەئەندامبوونی وڵاتەکەی لە ناتۆ، هەفتەی داهاتوو سەرۆک وەزیرانی سوید سەردانی ئەمەریکا دەکات.         

کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، هەفتەی داهاتوو جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لەکۆشکی سپی پێشوازی لە ئیڵف کریستێرسن سەرۆکی وەزیرانی سوید دەکات.

کۆشکی سپی باسی لەوەشکردووە، هەمامەهنگییە ئەمنییەکان و پڕۆسەی بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆک وەزیرانی سوید دەبێت.

سوید لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوودا لەگەڵ فینلەندا داوایان کرد ببنە ئەندام لە ناتۆ بەهۆی شەڕی رووسیا لە دژی ئۆکرانیا، تورکیا چەند مانگێکە رەتی دەکاتەوە بە پاساوی ئەوەی سوید هەڵوێستی خۆی لە دژی "رێکخراوە تیرۆریستییەکان" دەرنەبڕیوە، لە بەرامبەردا فینلەندا داواکارییەکەی پەسەندکرا و لە سەرەتای مانگی چوارەوە بووە ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکە.