بەرپرسێکی گۆڕان: بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە تەنیا لەگەڵ یەک حزب هاوپەیمانی ناکەین

K24 – سلێمانی:
یەکێتى سەردانى بەشێک لە هێزو لایەنە سیاسیەکانى کردووە و دواى لێكردوون بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بەیەک لیست بەشداری بكەن. لە بەرامبەردا گۆڕان ناخوازێت بە تەنیا لەگەڵ حزبێک هاوپەیمانی بکات.
ئەنوەر کەریم، ئەندامی ژووری توێژینەوەی سیاسی گۆڕان، تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند، "ئێمە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هیچ کورسیەکمان بەدەست نەهێنا، بەڵام لەگەڵ ئەوە نیم گۆڕان بە تەنیا لەگەڵ یەک حزب هاوپەیمانێتی بکات، بەڵام ئەگەر بێت و حزبەکانى کوردستان کاتێ کورد یەک دەبێ لە ناوچە دابڕینراوەکان بزوتنەوەى گۆڕان پێویستە بچێتە ئەم پڕۆسەیەوە چونکە ئەم بابەتە رەهەندى نیشتیمانى هەیە".
لەلایەن خۆیەوە، حەسەن بارام، ئەندامى مەکتەبى شەهیدان و ئەنفالکراوانى یەکێتى، بۆ کوردستان24، گوتی: "خۆتان دەزانن یەکێتى و گۆڕان پاشخانێکى هاوبەشیان هەیە و جۆرێک لە تێکەڵبوونى سیاسی کۆمەڵایەتى خەبات تێکۆشانیان هەیە، رەنگە ئەمە کارى لەسەر ئەوە کردبێت دواتر سنورەکانیشیان لەیەکەوە نزیکن".
پێشتریش کەمال کەرکووکی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر 8ـی کوردستان24، رایگەیاندبوو، "تەنیا لەگەڵ ئەو لایەنانە ناچینە هاوپەیمانییەوە کە بەشداری خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەریان کردووە".
کەمال کەرکووکی، جەختی لەوەشکردەوە، "لەگەڵ خیانەتکارانی 16ـی ئۆکتۆبەر بە یەک لیست نابین بۆ ئەوەی دووبارە خیانەتمان لێنەکەنەوە".
باسی لەوەشکرد، "لەگەڵ خیانەتکاران بە یەک لیست بین وەک ئەوە وایە ژەهری مار بکەیتە ناو خواردنەکەت و بیخۆیت".
بڕیارە لەرۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش لە 1ـی تەمموزەوە بۆ ماوەی یەک مانگ دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ حزب و هاوپەیمانێتییەکان دەکاتەوە.
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە درێژایی مانگی تەمووز ناوی پارتە سیاسی و هاوپەیمانێتییە نوێیەکان تۆماردەکەن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە بڕیارە لە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، لە رابردوودا 269 پارتی سیاسی لە کۆمیسیۆن تۆمارکرابوون، ئێستاش بە میکانزمی نوێ و پێدانی بڕی 5 ملیۆن دینار حزبەکان ناوی خۆیان نوێدەکەنەوە لە کۆمیسیۆن، هەروەها هەڵبژاردنەکان بە سیستمی سانت لیگۆ بەڕێوەدەچێت و بە تەواوی پشت دەبەستێت بە یاسایی هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنەکانی عێراق.