وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا سەردانی چین دەکات

جانێت یەڵن
جانێت یەڵن

K24 - هەولێر

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا رایگەیاند، لە رۆژانی 6 تا 9ی تەمموز، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا سەردانی پەکین دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای چین کۆدەبێتەوە.

لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکادا هاتووە: سەردانەکەی جانێت یەڵن، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، لە چوارچێوەی رێنماییەکانی جۆو بایدن دێت بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چین لەسەر کۆمەڵێک بابەت لەوانە ئابووریی گەورەی جیهانی و ئۆپەراسیۆنە داراییەکان .

 یەڵن لە پەکین لەگەڵ بەرپرسانی چین باس لە گرنگی مامەڵەکردنی نێوان هەردوو وڵات دەکات، کە دوو گەورەترین ئابووری جیهانن، پێویستە پابەندبن بەهەڵوێستی بەرپرسیارانە بەرامبەر بە پەیوەندییەکان، هەروەها لە بوارەکانی بەرژەوەندی و کاری هاوبەش بۆ چارەسەرکردن کێشە جیهانییەکان.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا رایگەیاندووە، واشنتن پابەندە بە سێ بنەمای سەرەکی لە بنیاتنانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ پەکین.

هەر لەراگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، سەرەتا هەوڵدەدەین بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانی خۆمان و هاوپەیمانەکانمان بپارێزین و هەروەها مافەکانی مرۆڤ بپارێزین بە گرتنەبەری ئەو کارانەی کە ئامانجیان بەدەستهێنانی باڵادەستی ئابووری نییە، دواتر ئێمە گرنگی بە پەیوەندییە ئابوورییە تەندروستەکان دەدەین لەگەڵ چین کە گەشەکردن و داهێنانی سوودبەخشی بۆ هەردوولا هەبێت و هەروەها دەرفەتە ئابوورییەکان بۆ کرێکاران و بازرگانانی ئەمەریکی فراوانتر بکات، لە کۆتاییدا بەدوای هاوکاریدا دەگەڕێین لەسەر گرنگترین پرسە جیهانییەکانی وەک گۆڕانی کەشوهەوا و قەیرانی قەرزەکان.

پێشتر رۆژنامەی بلومبێرگ رایگەیاندبوو، یەڵن بەنیازە لە سەردانەکەیدا بۆ چین، یەکەم دانوستانی ئاست بەرز ئەنجام بدات لە دوای دەستنیشانکردنی هی لیفینگ وەک جێگری سەرۆکوەزیرانی ئەنجومەنی دەوڵەت بۆ کاروباری ئابووری لە چین.