راوێژکاری ئەڵمانیا: متمانەم بە ماکرۆن هەیە چارەسەری پێویست بۆ رووداوەکانی فەرەنسا بدۆزێتەوە

ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا
ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا

K24 - هەولێر

ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، بە نیگەرانییەوە دەڕواننە رووداوەکانی فەڕەنسا و چاوەڕێی ناسەقامگیریی ئەو وڵاتە ناکات. هاوکات بە دووریشی دەزانێت رووداوەکانی هاوشێوەی فەرەنسا لە وڵاتەکەی رووبدەن و "متمانەم بە ماکرۆن هەیە چارەسەری پێویست بۆ رووداوەکانی فەرەنسا بدۆزێتەوە."

شۆڵز، لە لێداونێکیدا بۆ کەناڵی تەلەڤیزیۆنی یەکەمی ئەڵمانیا (ARD) سەبارەت بە پێشهاتەکانی فەرەنسا، گوتی: "لەگەڵ فەەنسا دۆستین، کاتێک کە بابەتەکە دابینکردنی باشتر کارکردنی یەکێتی ئەوروپا بێت کە بۆ ئایندەی هاوبەشمان زۆر گرنگە، ئەوە هەردووکمان دووانەین. لەبەر ئەم هۆکارە بێگومان بە نیگەرانییەوە چاودێری دەکەین".

راوێژکاری ئەڵمانیا هیواخوازە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا "رێگایەکی خێرا بۆ چاککردنەوەی ئەم دۆخە" بدۆزێتەوە و جەختی لەوە کردەوە کە بە تەواوەتی متمانەی بەوە هەیە.

راوێژکاری ئەڵمانیا، ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕوانی ئەوە ناکات رووداوی هاوشێوەی فەرەنسا لە ئەڵمانیا رووبدات و رایگەیاند هیچ ئاماژەیەک سەبارەت بەوە نییە.

ئۆلاف شۆڵز، باسی لەوەش کرد، سەرەڕای ئەوەی ئەو دیمەنانەی کە لە فەرەنساوە دێن زۆر خەمناکن، بەڵام چاوەڕێی ناسەقامگیریی فەڕەنسا ناکات و گوتی: "لەبەر ئەو هۆکارە لە بڕیاری سەرۆکی فەڕەنسا لەسەر مانەوەی لە وڵاتەکە تێدەگەم. ئەگەر منیش بوومایە هەمان کارم دەکرد و لەبەر ئەم هۆکارە هیوای بۆ دەخوازم کە بەسەر ئەم دۆخە قورسەی کە هیچ ئاسان نییە سەرکەوێت. کارە توندوتیژییەکان قبوڵکراو نین. لە هەمان کاتیشدا دەبێت ئەوەی لە تواناماندا بێت بیکەین بۆ دەستەبەرکردنی ئەوەی کە گونجاندن لە کۆمەڵگەکانماندا بەشێوەیەکی باش کار بکات. وەکو دەزانن یەکێک لە پێشینە سەرەکییەکانم سەبارەت بە سیاسەتی ئەم وڵاتە ئەمەیە".