ئیسرائیل 25 فڕۆکەی جەنگی (ئێف - 35) لە ئەمەریکا دەکڕێت

ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی F - 35
ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی F - 35

K24 - هەولێر

وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، لەگەڵ ئەمەریکا گرێبەستێکیان بۆ کڕینی 25 فڕۆکەی جەنگیی F-35 Lightning II واژوو کردووە.

لەو راگەیەندراوەی کە لە ماڵپەری وەزارەتیی بەرگریی ئیسرائیل بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە، ئیسرائیل لە رێگەی رێککەوتنێکی سێ ملیار دۆلارییەوە کڕینی سێیەم پۆل فڕۆکەی جەنگیی F-35 پەسەندکردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا، ئەوەش خراوەتەڕوو، فڕۆکەکان لە رێگەی ئەو پاکێجی هاوکاری بەرگرییەوە دابین دەکرێن کە ئیسرائیل لە ئەمەریکاوە وەریگرتووە و ئاماژە بەوە کراوە، لەگەڵ دوایین داواکاریدا ژمارەی F-35کانی هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ 75 و ژمارەی پۆلەکان بۆ سێ پۆل فڕۆکە بەرزبووەتەوە.

لە سەردەمی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا، بەڵێنی بەخشینی 38 ملیار دۆلار لە نێوان ساڵانی  2017 - 2018 بە  تەلئەبیب درابوو.