بەسەردانێکی پێنج رۆژە شاندێکی کۆنگرێسی ئەمەریکا گەیشتنە تایوان
K24 - هەولێر
شاندێکی کۆنگرێسی کۆمارییەکانی ئەمەریکا بە سەردانێکی پێنج رۆژە گەیشتنە دوورگەی تایوان، ئەمەش یەکەم سەردانە دوای سەردانەکەی نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەوکاتی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا.
وەزارەتی دەرەوەی تایوان رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، 3ی تەمموز 2023، شاندێکی ئەندامانی لیژنەی گەڕانی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی کێڤن هیرن ئەندامی کۆنگرێس، سەردانی تایوانیان کرد، سەردانی شاندەکەش لە 3 تا 7ی تەمموز بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی دەرەوەی تایوان ئاماژەی بەوەشکرد، کارنامەی سەردانەکە بریتییە لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی تایوان، تسای ئینگ وێن، وەزیری دەرەوە جۆزێف وو و بەرپرسانی باڵای تایوان، ئەمە جگە لەوەی سەردانی ژمارەیەک دامەزراوەی بیرکردنەوە دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە پەیوەندییەکانی نێوان تایپە و واشنتن.
لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا، نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەوکاتی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا سەردانی تایوانی کرد، دوای سەردانەکە بارودۆخی ئەو ناوچەیە ئاڵۆز بوو، چین کە تایوان بە خاکی خۆی دەزانێت، مانۆڕێکی سەربازی بەرفراوانی لە ناوچەکە ئەنجامدا.