جۆو بایدن گەشتێکی دیپلۆماسی بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەکات
K24 - هەولێر
کۆشکی سپی رایگەیاند، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە رۆژانی 9 تاوەکو 13ی تەمموز، گەشتێکی دیپلۆماسی بۆ ئەوروپا دەکات، لە گەشتەکەدا سەردانی بەریتانیا و لیتوانیا فینلاند دەکات، هەروەها بەشداری لە کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆشدا دەکات لە لیتوانیا.
بەگوێرەی راپۆرتەکانی بەریتانیا، بایدن لە کۆشکی ویندسۆر چاوی بە شا چارڵزی سێیەم دەکەوێت، هەروەها لە لەندەن لەگەڵ ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کۆدەبێتەوە بە ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵیەکانی نێوان بەریتانیا و ئەمەریکا.
پاشان بایدن بەرەو ڤیلنیوسی پایتەختی لیتوانیا دەڕوات بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی ناتۆ دەکات، کە لە 11 و 12ی تەمموزدا بەڕێوەدەچێت، لە دوا قۆناغی گەشتەکەیدا بۆ ئەوروپا، بایدن بەشداری لە کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی باکوور دەکات لە شاری هێلسنکی لە فینلاند، کە لە مانگی نیساندا بە فەرمی پەیوەندی بە هاوپەیمانێتی ناتۆوە کرد.
سوید لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2022دا بانگهێشت کراوە بۆ ئەوەی بچێتە نێو هاوپەیمانییەکەوە، بەڵام کاندیدبوونی ئەو وڵاتە کە دەبێت لە لایەن 31 وڵاتی ئەندامەوە پەسەند بکرێت، تورکیا و هەنگاریا دژایەتی دەکەن، بڕیارە بەر لە گەشتەکەی، بایدن لە کۆشکی سپی پێشوازی لە ئۆلاف کریستسۆن سەرۆک وەزیرانی سوید بکات و تاوتوێی پڕۆسەی بە ئەندام بوونی وڵاتەکەی بکات.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رۆژی شەممە لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە کیێڤ، گوتی: پێویستمان بە ئاماژەیەکی زۆر روون و بێ دوو دڵیە لە لوتکەی ڤیلنیۆس کە دوای جەنگ ئۆکرانیا بتوانێت ببێتە ئەندامێکی تەواو لە ناتۆ.
دیپلۆماتکارە باڵاکانی تورکیا و سوید رۆژی پێنجشەممە، لە بارەگای ناتۆ لە برۆکسل کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر داواکاری ستۆکهۆڵم بۆ بوونە ئەندام لە هاوپەیمانییەکە.