شانۆگەری گەشت دهۆک پڕ دەکات لە جووڵەی شانۆیی
K24 – هەولێر:
فازڵ سودانی دوای وچانێک لە نووسینی دەق و چکاری شانۆییدا، جارێکی تر لە دهۆکەوە دەست بە کارە هونەرییەکانی دەکاتەوە و لە رۆژی 5ـی تەموزەوە نمایشێکی شانۆیی نوێ بە ناونیشانی "گەشت" لە کاتژمێر 6:30 خولەکی ئێوارە لە هۆڵی محەمەد عارف جزیری پێشکەش دەکات.
فازڵ سودانی تایبەت بۆ کوردستان24 دەڵێت: "شانۆگەری گەشت دەقەکەی شانۆنامەیەکی بیانیە و لەگەڵ ستافە جوانەکەمان وەرگێڕدرا بۆ زمانی کوردی و هەوڵمانداوه بەرهەمە نزیک بکەینەوه لەگەڵ نەریتە کوردییەکان و روخسارێکی نوێ نیشانی بینەر بدەین و ناوەڕۆکەکەشی چەند گرفتێکی کۆمەڵایەتی لەخۆوە گرتووە و چارەسەرەکانیش لەم نمایشە شانۆییەدا دەخرێته روو، بڕیاریشە ماوەی سێ رۆژ لە هۆڵی محەمەد عارف جزیری نمایشەکانمان بەردەوام بێت و پێشوازی لە بینەری شانۆ بکەین لەم شارەدا.
شانۆگەرییەکە لە نواندنی هەریەک لە هیڤان شەعبان و کاروان جەرجیس و ژین محەمەد و سیار تەیب و سینۆگرافیای شیراز عەزیز و وەرگێڕانی مەسعود عارفە و سەرحان ئەحمەدیش وەک یاریدەدەری دەرهێنەر بەشدارە لەم پڕۆژه هونەرییە نوێیەی کە ماوەی سێ رۆژ لە دهۆک بەردەوام دەبێت.