لە هەولێر دەست بەسەر کۆگایەکی نهێنی چەک و تەقەمەنیدا گیرا

وێنەی کۆگاکە کە بە نهێنی کاری چەکی تێدا ئەنجام دەدرا - وێنە: کوردستان24
وێنەی کۆگاکە کە بە نهێنی کاری چەکی تێدا ئەنجام دەدرا - وێنە: کوردستان24

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر بە هەماهەنگی هەواڵگریی فەرماندەی زێڕەڤانی، کۆگایەکی بێ مۆڵەتی چەک و کردنەوەی چەکی ئاشکرا کرد و دەستی بەسەر بڕێکی زۆر لە چەکی جۆراوجۆر و پارچەکانی چەکدا گرت.

رۆژی دووشەممە (3ـی تەمموزی 2023)، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و ئەنجامدانی بەدواداچوون لە لایەن هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشی هەواڵگریی فەرماندەی زێڕەڤانی، دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، لە گەڕەكی لاوانی شاری هەولێر، دەست بەسەر کۆگایەکی بێمۆڵەتی چەک و کردنەوەی چەکدا گیرا.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە کاتی پشکنین ئەو کۆگایە، دەست بەسەر دەیان پارچە چەکی جۆراوجۆردا گیرا كە چەكەكان لە جۆری (کڵاشینکۆف، دەمانچە، M4، قەناس و بی كەی سی) بوون، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری فیشەک و سەدان پارچەی يەدەگی چەک و چەند ئامێرێکی تایبەتیی تۆڕنەکردن و لێدان و گۆڕینی ژمارەی چەک، هەروەها چەندین پارچەی جۆراوجۆری کەلوپەلی سەربازی، کە بە شێوەی نایاسایی مامەڵەی پێوە دەکرا.

هاوكات خاوەنی كۆگاكە بە ناوی (ر. ع. ج.) دەستگیر کرا و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.

لەلایەن خۆیەوە ئالان زەندی، رۆژنامەنووس لە کوردستان24 لەمیانی بەدواداچوونی بۆ ئەو چالاکییە رایگەیاند، لەو کۆگایەدا چەند بەشێکی نهێنیش وەک شوێنی کارکردن و تاقیکردنەوەی چەک هەیە، و بەشێوەیەکی رێکخراویش پارچە یەدەگەکانی چەک و جۆرەکانی چەکیش لە کۆگاکەدا هەڵگیراوە و بە نهێنی مامەڵە بە چەکەوە کراوە.

هەرچەندە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن سەبارەت بە هۆکاری بوونی ئەو کۆگایە و بوونی ئەو رێژە زۆرەی چەک و تەقەمەنی و چۆنیەتی کاکردن و مامەڵەکردنیان بە چەکەوە، هاوکات ئەو هەڵمەتەش بەشێک بوو لە هەوڵەکانی قەدەغەکردن و رێگریکردن لە چەکی بێمۆڵەت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییان و ئارامی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی 21ـی ئەم مانگە دوا مۆڵەتە بۆ تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەتی هاووڵاتییان لەو بنکانەی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستنیشانکراوە، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هەڵگری چەکی ڤێمۆڵەت بەپێی یاسا سزا ده‌درێت، به‌شێوه‌یه‌ك لە ساڵێک بۆ سێ ساڵ زیندانی و دوو ملیۆن بۆ پێنج ملیۆن دیناریش پێبژاردن دەبێت.

Fly Erbil Advertisment