قالیباف: ئیسرائیل هەوڵدەدات ئەمریکا پەلکێشی جەنگێکی بێ کۆتایی بکات

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هۆشداری دەدات لەوەی ئیسرائیل هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی ئەمریکا پەلکێشی جەنگێکی بێ کۆتا لەگەڵ تاران بکات.

دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەڵێت: ئەمە هەنگاوێکە بۆ ناو گۆماوێک کە هیچ سەرۆکێکی ئەمریکی، چ کۆماری یان دیموکرات، ئێستا یان لە داهاتوودا، ناتوانێت لێی دەرباز ببێت.

قالیباف لە لێدوانەکەیدا جەختیکردووەتەوە، تاوەکو واشنتن عەقڵییەتی یەکەمجار ئیسرائیل پشتگوێ نەخات، ئەوا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی رووبەڕووی داهاتوویەکی تاریک دەبنەوە.

قالیباف لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت، ئیسرائیل دەیەوێت ئەمریکا پەلکێشی جەنگێک بکات لە نە کۆتایی هەیە و نە سەرکەوتن بۆ ئەوان، بۆیە دەبێت واشنتن عاقڵانە و بێ پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی تەلئەبیب بڕیاری خۆی بدات. 

ئەم قسانەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دوای ئەوە هات،  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پۆستێکدا رایگەیاند، هێزی ئەرکی تایبەتی ناسراو بە دەرگای ئاسنین بە تەواوی هێز و کاریگەریی خۆیەوە لە ناو ئێراندا کەوتووەتە گەڕ و گەمارۆی دەریایش بە شێوازێکی توند و مێژووی بەسەر ئێرانەوە جێبەجێ کراوە.

ترەمپ لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، ئەم هەنگاوە، بە شێوازێک بەڕێوەدەچێت زۆر بە کەمی شتێک دەتوانێت بچێتە ناو ئێرانەوە یان لەو وڵاتە بێتە دەرەوە.