پەیامنێری کوردستان24: شاندی هەرێم و ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق کۆدەبنەوە

پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ئاشکرای کرد، لەسەر بنەمای کۆبوونەوە زۆر ئەرێنییەکەی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاردرا دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ رۆژی شەممەی داهاتوو دوابخرێت تاوەکو داخوازییەکانی هەرێم لە رەشنووسەکەدا جێگیر بکرێن، هاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی هەرێمی کوردستانی داوە.

دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، ئەمشەو شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بەشداریی ئومێد سەباح, سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بە بەشداریی فالح ساری وەزیری دارایی عێراق، قوتەیبە غازی مەجید وەزیری پلاندانان کۆدەبنەوە بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکانی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە، بڕگەی تایبەت بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 لە کارنامەی کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیران لابراوە و بۆ رۆژی شەممە دواخراوە، ئەمەش بە مەبەستی پێدانی دەرفەت بە لیژنە هاوبەشەکان تاوەکو لە ماوەی ئەم دوو بۆ سێ رۆژەدا، ئەو دەستکاری و گۆڕانکارییانەی هەرێمی کوردستان داوای کردوون لە رەشنووسی بودجەکەدا جێگیر بکەن.

پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا مەسرور بارزانی بە روونی باسی لەوە کردووە کە ماوەی 12 ساڵە پرۆسەی دامەزراندن بۆ هەرێمی کوردستان لە بەغداوە راگیراوە، لە بەرامبەردا عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە کە مافی هەرێمی کوردستان لە پرسی دامەزراندندا دەستەبەر بکرێت بە دوو شێواز:

1. فەرمانبەرانی گرێبەست: بەهەمان شێوەی ئەو 493 هەزار فەرمانبەرە گرێبەستەی لە تەواوی عێراق دەکرێن بە هەمیشەیی، هەرێمی کوردستانیش پشکی دەبێت و نزیکەی 85 هەزار فەرمانبەری گرێبەستی هەرێم کە ئێستا نزیکەی 55 هەزاریان لەسەر داهاتی ناوخۆ مووچە وەردەگرن دەکرێن بە هەمیشەیی.

2. دامەزراندنی نوێ: لەو 100 بۆ 120 هەزار دامەزراندنە نوێیەی کە عێراق لە پلاندایەتی 50 هەزار بۆ سڵکی سەربازی و 50 هەزار بۆ سڵکی ئەمنی، هەرێمی کوردستان پشکی شایستەی خۆی لەو دامەزراندنانە پێدەدرێت.

لە لایەکی دیکەوە، شاندی هەرێمی کوردستان داوای کردووە پرسی مووچە بە تەواوی لە خەرجیی راستەقینە دەربهێنرێت، هەروەها ناڕەزایەتی بەرامبەر زیادکردنی خەرجییە سیادییەکان پێشانداوە کە بووەتە هۆی کەمکردنەوەی پشکی هەرێم، بەغداش رەزامەندی نیشانداوە لە رەشنووسە نوێیەکەدا ئەو بڕگانە دەستکاری بکرێن.

چاوەڕوان دەکرێت دوای یەکلاییکردنەوەی دەقەکان لە نێوان شاندی هەرێم و بەغدا، رۆژی شەممەی داهاتوو لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنگ لەسەر بودجەی 2027 بدات و رەوانەی پەرلەمانی بکات، تاوەکو پێش 1ی کانوونی دووەمی 2027 پەسەند بکرێت و بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.