تورکیا و میسر پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانیان ئاسایی دەکەنەوە

ئەردۆغان و سیسی
ئەردۆغان و سیسی

K24 - هەولێر

تورکیا و میسر بەرزکردنەوەی پەیوەندیە دیپلۆماسییەکانیان بۆ ئاستی باڵیۆزخانەکان راگەیاند، هەروەها ئەردۆغان بانگهێشتی سیسی کردووە بۆ تورکیا.

ئەمڕۆ سێشەممە، 7ی تەمموزی 2023،  وەزارەتی دەرەوەی میسر رایگەیاند،  "میسر عومرو حەمامی وەک باڵیۆزی خۆی لە ئەنقەرە دەسنیشان کردووە، هەروەها تورکیاش ساڵح موتلو شان وەک باڵیۆزی خۆی لە قاهیرە دیارکردووە".

وەزارەتی دەرەوەی میسر ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم هەنگاوە ئامانجی دووبارە دامەزراندنەوەی پەیوەندییە ئاساییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە، هەروەها رەنگدانەوەی ئیرادەی هاوبەشیانە بۆ کارکردن و بەهێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیان، بۆ بەرژەوەندی گەلانی میسر و تورکیا".

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بانگهێشتی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسری کردووە بۆ ئەوەی سەردانی تورکیا بکات.

بەگوێرەی رۆژنامەی "زەمەن"ی تورکیا، بەرپرسی کاروباری تورکیا لە قاهیرە، باڵیۆز ساڵح موتلو شان رایگەیاندووە، "سەرۆکمان بانگهێشتنامەیەکی بۆ سەرۆکی میسر ناردووە بۆ ئەوەی سەردانی تورکیا بکات".

موتلو شان ئاماژەی بەوەشکرد، دەزانم کە میسرییەکان دەیانەوێت ئەردۆغان ببینن، هەروەها هەردوو سەرکردە شوێنی کۆبوونەوەکە دیاری دەکەن، کە لە ئەنقەرە یان قاهیرە بەڕێوەدەچێت، بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوانیان و ئاڵوگۆڕکردنی باڵیۆز.

لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا پەیوەندییەکانی تورکیا و میسر تووشی چەقبەستوویی سیاسی بوو، لەگەڵ بەردەوامبوونی پەیوەندییە ئابوورییەکان.

ئاستی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی نێوان هەردوو وڵات دابەزی بۆ نزمترین ئاست، بەڵام کەمتر لە دوو ساڵ لەمەوبەر جارێکی دیکە باسی لێکنزیکبوونەوەی هەردوو وڵات دەستیپێکردەوە.