ئەمڕۆ ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی توانستی زانستیی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا رادەگەیەندرێت
K24 - هەولێر
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی توانستی زانستیی دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا رادەگەیەنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 4ـی تەمموزی 2023، سەرچاویەکی تایبەت لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە کوردستان24ـی راگەیاند، وردبینیکردن بۆ ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی توانستی زانستیی خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) لە قۆناخی کۆتاییدایە و پێشبینی دەکرێت، دوای کۆتایی دەوامی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان رابگەیەنێت.
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی شەممە 1ـی تەممووزی 2023، ژاڵه سهعید، بهڕێوهبهری گشتیی توێژینهوه و پهرهپێدان له وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، له چهند رۆژی داهاتوودا ئهنجامی بهرایی تاقیكردنهوهكانی دبلۆمی باڵا، ماستهر و دكتۆرا له زانكۆ حكومییهكانی ههرێمی كوردستان رادهگهیهنرێت.
بۆ خوێندنی ئهمساڵ (2023 – 2024)، 15 هەزار و 728 فێرخواز داواکارییان بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) پێشکەشکردبوو. 11 هەزار و 382 پێشکەشکار بەشدارییان لە تاقیکردنەوەی خوێندنى ماستەر، دوو هەزار و 692 خوێندنی دکتۆرا و 177 پێشکەشکار خوێندنی دبلۆمى باڵاى دوو ساڵەى پزیشکى و هەزار و 477 پێشکەشکاریش بەشدارییان لە تاقیکردنەوەی دبلۆمى باڵاى یەک ساڵەى ئەکادیمیان کردبوو.
ئەمە لە کاتێکدایە زیاتر لە حەوت هەزار و 500 کورسی خوێندن لە پسپۆرییە جیاوازەکان لەلایەن زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستانەوە تەرخانکراون.
وەکو ئەوەی ژاڵە سەعید باسی کرد، گرنگترین پێوهر بۆ وهرگرتنی داواكار "پێوهری تاقیكردنهوهی توانستییه، كه داواكار ئهنجامی داوه و مهرجه له تاقیكردنهوهكان دهربچێت دواتر خاڵبهندی بۆ دهكرێت، بۆ نموونه نمرهی بكالۆریۆس و نمرهی تاقیكردنهوهی توانستی زانستی و بۆ دكتۆرایش نمرهی بكالۆریۆس و ماستهر و تاقیكردنهوهی توانستی زاستی كۆدهكرێتهوه."
پێشتر وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان وادەی پێشکەشکردنی بۆ تاقیکردنەوەکان لە 18ـی ئایاری 2023ـەوە بۆ 4ـی حوزەیرانی 2023 درێژکردبووەوە و وادەی تاقیکردنەوەی توانستی زانستیشی لە 29ـی ئایاری 2023ـەوە بۆ 12ـی حوزەیرانی 2023 دواخستبوو.