پێشنیازەیاسای 'قەدەغەکردنی هاوڕەگەزبازی لە عێراق' ئاراستەی حەلبووسی دەکرێت

دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق | وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق
دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق | وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق پێشنیازەیاسای 'قەدەغەکردنی هاوڕەگەزبازی لە عێراق' ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمان دەکات و داوای لێدەکات، بخاتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی وەرزی دووەمی یاسادانانەوە.

مورتەزا ساعدی، جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی و سەرۆکی فراکسیۆنی 'سەنەدی نیشتمانی' لە پەرلەمانی عێراق لە نووسراوێکدا داوا لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکات، پێشنیازەیاسای "قەدەغەکردنی هاوڕەگەزبازی" لە عێراق بخاتە بەرنامەی کاری دانیشتنێکی وەرزی دووەمی یاسادانانی پەرلەمان، کە سەرەتای مانگی ئەیلوول دەستپێدەکات.

 

نووسراوەکەی جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی کە ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی کردووە
نووسراوەکەی جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی کە ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی کردووە

 

 

نووسراوەکە رۆژی دووشەممە 3ـی تەممووزی 2023 ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کراوە. تێیدا هاتووە: "بەپشتبەستن بە بڕگەی دووەمی ماددەی 60ـی دەستووری عێراق و ماددەی 121 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، ژمارە یەکی ساڵی 2022؛ پێشنیازەیاسای "قەدەغەکردنی هاوڕەگەزبازی" کە واژووی پەرلەمانتارانی لەسەرە، ئاراستەی بەڕێزتان (سەرۆکی پەرلەمان) دەکەین. داوا دەکەین بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنێکی وەرزی دووەمی یاسادانان."

 ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی شەممە 3ی کانوونی یەکەمی 2022 هەوڵێک لەنێو پەرلەمانی عێراق بۆ پێشکەشکردنی هەمان پێشنیازەیاسا بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەبوو و، واژووی 25 پەرلەمانتار بۆ ئەو مەبەستە کۆکرابووەوە، بەڵام دواتر هەوڵەکە سەری نەگرت. ئەو پەرلەمانتارانە دەیانەویست سەرجەم بانگەشە و پشتیوانییەکانی پەیوەست بە هاوڕەگەزخوازی لە عێراق قەدەغە بکەن.

ئەو هەوڵەی پەرلەمانتارانی عێراق، دوای هەڵمەتی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر هات، کە هەڵمەتی ملیۆنی دژی هاوڕەگەزبازی لە عێراق راگەیاندبوو و لە رێگەی کۆکردنی واژۆوە دەیویست بە هەموو شێوەیەک دیاردەی هاوڕگەزخوازی لە عێراق قەدەغە بکات. هاوکات سەدر داوای لە هاووڵاتییانی عێراق دەکرد، لە رێگەی هۆشیاری، پەروەردە و رۆشنبیرییەوە رووبەڕووی دیاردەی هاوڕەگەزخوازی ببنەوە.

دوای ئەوەی رۆژی 17ـی ئایاری 2022 ئاڵای هاوڕەگەزبازی لە بارەگای نێردەی دیپلۆماسی یەكێتی ئەوروپا و هەردوو باڵوێزخانەی بەریتانیا و كەندا لە بەغدا هەڵدرا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا سەركۆنەی بەرزكردنەوەی ئاڵاکەی کرد  و کارەکەی بە "پێشێلكردنی بەها، نەریت و ئەخلاقە بەرزەكان" ناو برد، كە "ئایینە ئاسمانییەكان پێوەی پابەندن، جیا لەوەی لەگەڵ نەریت و بەها كۆمەڵایەتییەكانی عێراق ناگونجێت."