لە کەرکووک کچێک باوکی خۆی لە خەودا کوشت

وێنەی ئەو پیاوەی لەلایەن کچەکەیەوە کوژراوە
وێنەی ئەو پیاوەی لەلایەن کچەکەیەوە کوژراوە

K24 - کەرکووک

لە گوندێکی سنووری پارێزگای کەرکووک کچێک لە خەودا باوکی خۆی کوشت و پۆلیسیش دەڵێت، تا ئێستا هۆکاری رووداوەکە نەزانراوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 4ـی تەممووزی 2023، لە گوندی مەرزیخەی سەر بە ناحیەی شوان، لە سنووری پارێزگای کەرکووک، کچێکی تەمەن 14 ساڵ لە کاتی خەودا باوکی خۆی کوشت.

موقەدەم عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک هەواڵەکەی بۆ کوردستان24 پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، لە ئێستادا هێزەکانی پۆلیس لە شوێنی رووداوەکەن و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.

لەبارەی هۆکاری کوژرانی ئەو پیاوە لەلایەن کچە 14 ساڵانییەکەیەوە؛ گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد، تا ئێستا نازانن رووداوەکە لەسەر چی بووە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن.

ئەم رووداوە لە کاتێکدایە؛ درەنگانی شەوی رابردوو لە گەڕەکی ئیسکانی شاری کەرکووک شەڕ لەنێوان دوو گەنج دروستبوو و  یەکێکیان ئەوەی دیکەی کوشت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، کوژراوەکە ناوی (مەهدی حەسەن)ـە، کوردە، تەمەنی 25 ساڵە و نیشتەجێی گەڕەکی ئیسکانی کەرکووکە. لەلایەن هاورێکەی خۆیەوە 13 گولـلەی کڵاشینکۆفی لێدراوە و دەستبەجێ لەو شوێنە گیانی لەدەستداوە.

پێشتریش بەیانی رۆژی شەممە 27ـی ئایاری 2023، هاووڵاتییەکی کورد بەناوی (ئارام عاسی)، کە خاوەنی پاڵاوگەیەکی سوتەمەنی بوو، لە ناوچەی سەقزلی کەرکووک لەنێو باخەکەیدا لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە 'بە دەمانچەی بێدەنگ' کوژرا.