تاڵیبان: لە ماوەی مانگێکدا دەبێت سەرجەم سەنتەرەکانی جوانکاری خانمان دابخرێن

ئەفغانستان
ئەفغانستان

K24 - هەولێر:

وەزارەتی فەرمان بەچاکە و رێگری لەخراپەی حکومەتی تاڵیبان بڵاویکردەوە، بڕیاریانداوە لەماوەی مانگێکدا سەرجەم سەنتەرەکانی جوانکاری خانمان دابخرێن.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی فەرمان بەچاکە و رێگری لەخراپەی حکومەتی تاڵیبان بڵاویشیکردەوە، کۆتا وادەی دیاریکراو بۆ داخستنی سەنتەرەکانی جوانکاری لەسەرانسەری وڵاتدا بریتییە لە مانگێک، بە پێچەوانەوە خاوەن سەنتەرەکان رووبەڕووی سزا دەبنەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ساڵی 2022 بزوتنەوەی تاڵیبان بڕیاری رێگری لە خوێندنی کچان لە قوتابخانە ئامادەییەکان دەکرد و دواتریش بە بڕیارێک کارکردنی کچانی لە رێکخراوەکان قەدەغە کرد.

هیبه‌توڵڵا ئاخوندزاده‌ سه‌ركرده‌ی ناسراوی ریزه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان مانگی رابردوو بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، لەژێر دەسەڵاتی میرنشینی ئیسلامی لە ئەفغانستان، رێوشوێنی ورد بۆ رزگارکردنی ژنان لە شێوە نەریتییەکانی نادادپەروەریی گیراوەتەبەر، لەوانە بەزۆر بەشودانی کچان، بۆیە مافە رەواکانیان ئێستا پارێزراوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، پێگەی ژن لە ئەفغانستان، وەک مرۆڤێکی ئازاد و شکۆمەند گەڕاوەتەوە و ھەموو دامەزراوەکان ناچارکراون یارمەتی ژنان بدەن لە ئاسانکاری مامەڵەکردنی ھاوسەرگیری، میرات و مافەکانی دیکە.