كوردستان24 نوێترین زانیاری له‌باره‌ی كوژرانی باوكێك به‌ده‌ستی كچه‌كه‌ی له‌ كه‌ركووك بڵاوده‌كاته‌وه‌

شاری كه‌ركووك
شاری كه‌ركووك

K24 - کەرکووک: 

كچێك له‌ گوندێكی سنووری پارێزگای کەرکووک کچێک باوکی خۆی لە خەودا کوشت و پۆلیسیش رایگه‌یاندووه‌، به‌هۆی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بووه‌ و باری ده‌روونی كچه‌كه‌یش ئاساییه‌.

ئەمڕۆ (سێشەممە 4ـی تەممووزی 2023) لە گوندی مەرزیخەی سەر بە ناحیەی شوان، لە سنووری پارێزگای کەرکووک، کچێکی تەمەن 16 ساڵ لە کاتی خەودا باوکی خۆی کوشت، له‌وباره‌یه‌وه‌ دیلان به‌رزان په‌یامنێری كوردستان24 له‌ كه‌ركووك زانیاری زیاتری خسته‌ڕوو و گوتی، باوكه‌كه‌ له‌ خه‌ودا بووه‌ و كچه‌كه‌ به‌ كڵاشینكۆفی باوكی چوار فیشه‌كی به‌ پێوه‌ ناوه‌ و كوشتوویه‌تی، كچكه‌ به‌ پۆلیسی گوتووه‌، باوكی زۆر بۆی خراپ بووه‌ و هۆكاری كوشتنه‌كه‌یشی هه‌ر ئه‌وه‌ بووه‌.

په‌یامنێری كوردستان24 ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، پۆلیسی كه‌ركووك رایگه‌یاندووه‌، باری ده‌روونی كچه‌كه‌ ته‌واوه‌ و كێشه‌ی ده‌روونی نییه‌. روونیشیكرده‌وه‌ تا ئێستا زۆر ده‌نگۆ هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ ته‌واوه‌ته‌ی له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ پشتڕاست نه‌كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام باس له‌وه‌ ده‌كرێت ئه‌و باوكه‌ سێ هاوژینی دیكه‌ی هه‌بووه‌ و دایكی كچه‌كه‌ له‌ ژیاندا نه‌ماوه و باوكی له‌گه‌ڵی باش نه‌بووه‌.

‌هه‌روه‌ها دیلان به‌رزان باسی له‌وه‌كرد، له‌ ئێستادا كچه‌كه‌ له‌ بنكه‌ی نه‌وجه‌وانانی كه‌ركووكه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌باره‌ی ئه‌و رووداوه‌ به‌رده‌وامه‌. گوتیشی، خانه‌واده‌ی كوژراوه‌كه‌ رێگه‌یان نه‌داوه‌ میدیاكان رووماڵی ورد بۆ ئه‌و رووداوه‌ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌ زیاتر ته‌شه‌نه‌ نه‌سه‌نێ، روونیشیكرده‌وه‌، پۆلیس ته‌رمی كوژراوه‌كه‌ی راده‌ستی خانه‌واده‌كه‌ی كردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێوڕه‌سمی ناشتنی بۆ بكه‌ن.

پێشتر موقەدەم عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک هەواڵەکەی بۆ کوردستان24 پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، لە ئێستادا هێزەکانی پۆلیس چوونه‌ته‌ شوێنی رووداوەکە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.

ئەم رووداوە لە کاتێکدایە؛ درەنگانی شەوی رابردوو 3ـی ته‌ممووزی 2023 لە گەڕەکی ئیسکانی شاری کەرکووک شەڕ لەنێوان دوو گەنج دروستبوو و  یەکێکیان ئەوەی دیکەی کوشت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، کوژراوەکە ناوی (مەهدی حەسەن)ـە، کوردە، تەمەنی 25 ساڵە و نیشتەجێی گەڕەکی ئیسکانی کەرکووکە. لەلایەن هاورێکەی خۆیەوە 13 گولـلەی کڵاشینکۆفی لێدراوە و دەستبەجێ لەو شوێنە گیانی لەدەستداوە.

پێشتریش بەیانی رۆژی شەممە 27ـی ئایاری 2023، هاووڵاتییەکی کورد بەناوی (ئارام عاسی)، کە خاوەنی پاڵاوگەیەکی سوتەمەنی بوو، لە ناوچەی سەقزلی کەرکووک لەنێو باخەکەیدا لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە 'بە دەمانچەی بێدەنگ' کوژرا.

Fly Erbil Advertisment