پرۆژەیاسای بەرزکردنەوەی کەمترین مووچەی فەرمانبەران رەوانەی پەرلەمانی تورکیا دەکرێت

K24 – هەولێر:
بەگوێرەی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، سبەی چوارشەممە پرۆژەیاسای بەرزکردنەوەی کەمترین مووچەی فەرمانبەران بۆ 22 هەزار لیرە کە دەکاتە نزیکەی 847 دۆلار، لەلایەن فراکسیۆنی ئاکپارتییەوە پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا دەکرێت.
بەرزکردنەوەی کەمترین مووچەی فەرمانبەران لە چوارچێوەی ئەو پاکێجە ئابوورییە دایە کە بەر لەبانگەشەی هەڵبژاردندا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بەڵێنی دابوو جێبەجێی دەکات.
سەرۆک کۆماری تورکیا دەیەوێت لە رێگەی تیمی نوێی ئابوورییەوە بتوانێت رێژەی هەڵئاوسان کەم بکاتەوە و بەهای لیرە بەرامبەر بە دۆلار بەرزبکاتەوە و جێگیری بۆ بازاڕ و ئابووری وڵاتەکەی بگەڕێنێتەوە.
ئەنجوومەنی سیاسەتی دراوی بانکی ناوەندیی تورکیا، لە یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی نوێی بانکەکە حەفیزە گایە ئەرکان ئەنجامدا و بڕیاریدا بە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بۆ 15% کە ئەم رێژەیەش دەکاتە نزیکەی دوو هێندە.
ئەنجومەنی سیاسەتی دراوی سەر بە بانکی ناوەندی تورکیا دوای 27 مانگ گۆڕانکاریی لە رێژەی سوودی بانکی کرد و لە 8.5%ـەوە بۆ 15% بەرزیکردەوە، بەوپێیەش دوای دوو ساڵ رێژەی سوودی بانکی لە تورکیا 6.5 خاڵ زیادکرا، هەرچەندە پێشبینی دەکرا بۆ رێژەی 20% بەرزبکرێتەوە و بەم هەنگاوەش کۆتایی بە پرۆسەی کەمکردنەوە رێژەی سوودی بانکی هێنا.
بڕیارەکەی بانکی ناوەندی دوای دەستبەکاربوونی محەمەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا دێت کە راستەوخۆ حەفیزە گایە ئەرکانی لە (9ـی حوزەیرانی 2023) وەک سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا دەستنیشانکرد.
هەروەها ئەنجوومەنی سیاسەتی دراوی سەر بە بانکی ناوەندیی تورکیا لە راگەیەندراوەکەیدا گلۆپی سەوزیشی هەڵکردووە بۆ زیاتر بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی و ئەم بڕیارەشی لەپێناو بەرزکردنەوەی بەهای لیرە بەرامبەر بە دۆلارە لەکاتێکدا ئەمڕۆ بەهای یەک دۆلاری ئەمەریکی 24 لیرەی تێپەڕاند.
ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی سیاسەتی دراوی بانکی ناوەندیی تورکیا دوای دوو رۆژ لە بەرزکردنەوەی کەمترین رێژەی مووچە لە تورکیا دێت لەلایەن کۆمیسیۆنی دیاریکردنی کەمترین مووچە لە تورکیا، کە بە رێژەی 34% زیادکرا و گەیشتووەتە 11 هەزار و 420 لیرە کە دەکاتە 480 دۆلار.
رۆژی (19ـی حوزەیرانی 2023)، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە 30ـەمین کۆبوونەوەی گشتیی کۆڕبەندی هەناردەکارانی تورکیادا رایگەیاند ئامانجمان ئەوەیە کە هەناردەی تورکیا تا کۆتایی ئەمساڵ بۆ 265 ملیار دۆلار بەرزبکەینەوە، هەروەها لە ساڵی داهاتووشدا ئاستی هەناردەکردن بۆ 285 ملیار دۆلار بەرزبکەنەوە.
دوای تەواوبوونی رێورەسمی سوێندخواردن وەک سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ پێنج ساڵی داهاتو، شەوی (3ـی حوزەیرانی 2023)، رەجەب تەیب ئەردۆغان، کابینەی نوێی حکومەتی راگەیاند، کە بە دووەم کابینەی حکومەتی تورکیا لە سیستمی سەرۆکایەتی دادەنرێت و زۆربەی ئەو وەزیرانەشی لەم کابینەیەدا لەلایەن ئەردۆغانەوە دەستنیشانکراون کەسایەتی نوێن و 15 وەزیری کابینەی پێشوو لەم خولەی پەرلەماندا کورسی پەرلەمانییان لە هەڵبژاردنی 14ـی ئایار بەدەستهێناوە.
رۆژی پێنجشەممە (1ـی حوزەیرانی 2023)، ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی فەرمی و کۆتایی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیای ئاشکراکرد و رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار، 52.18%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت 47.82ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا کە کۆی گشتی دەنگەکانی ئەردۆغان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن، 27 ملیۆن و 834 هەزار و 589 دەنگ بوو و لە بەرامبەردا، کڵچدارئۆغڵو 25 ملیۆن و 504 هەزار و 724 کەس دەنگی هێنا.
هەروەها بەگوێرەی دەرئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە رۆژنامەی فەرمی دەوڵەت بڵاویکردووەتەوە، لیستی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) 268 کورسی بەدەستهێناوە، لیستی پارتی گەلی کۆماری تورکیا (جەهەپە) 169 کورسی (کە لەو لیستەدا پارتی دهڤا 15 کورسی، پارتی ئایندە 10 کورسی، پارتی سەعادەت 10 کورسی، پارتی دیموکرات سێ کورسی و پارتی گۆڕانی تورکیاش یەک كورسییان بەدەستهێناوە)، پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) 61 کورسی، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) 50 کورسی، ئیی پارتی 43 کورسی، پارتی یەنیدەن رەفا پێنج کورسی و پارتی کرێکاری تورکیا چوار کورسییان بەدەستهێناوە.