جۆو بایدن: پێویستە هەوڵی بەهێزکردنی دیموکراسی بدەین

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ هاوسەرەکەی جیل بایدن لە رۆژی سەربەخۆیی ئەمەریکا تەماشای یاری ئاگرین دەکەن - وێنە: AFP
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ هاوسەرەکەی جیل بایدن لە رۆژی سەربەخۆیی ئەمەریکا تەماشای یاری ئاگرین دەکەن - وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە گوتارێکدا بەبۆنەی رۆژی سەربەخۆیی وڵاتەکەی رایگەیاند، دیموکراسی لە ئەمەریکا هەرگیز گرەنتی نەکراوە و پێویستە هەموو نەوەیەک شەڕی لەپێناودا بکات و زیاتر بەهێزی بکات.

سەرۆکی ئەمەریکا پێی وایە، پێویستە هەوڵی بەهێزکردنی دیموکراسی بدەن لە ئەمەریکا. راشیگەیاند: لەبیرتانبێت ئێمە وڵاتێکی جیاوازمان هەیە، هیوادارام هەموومان کار بۆ ئەم دیموکراسییە بکەین کە هەوێنی یەکگرتووی ئەم نەتەوەیە.

گوتیشی: ئێمە ئەمەریکاین و گەر پێکەوە کاربکەین هیچ شتێک لە دەرەوەی تواناکانمان نییە.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، ژمارەیەک رووداوی تەقەکردن لە ئەمەریکا روویانداوە و جۆو بایدن لەوبارەیەوە دەڵێت: لە رۆژانی رابردوودا نەتەوەکەمان لە سەرتاسەری ئەمەریکا، جارێکی دیکە بەرگەی شەپۆلێکی تەقەکردنی کارەساتبار و بێمانایان گرتووە، گوتیشی: لەکاتێکدا نەتەوەکەمان بەبۆنەی رۆژی سەربەخۆییەوە ئاهەنگ دەگێڕن، ئێمە لە خوا دەپاڕێینەوە بۆئەوەی رۆژێک بێت کۆمەڵگاکەمان لە توندوتیژی چەک بەدوو بێت.

4ـی تەمووزی هەموو ساڵێک وەک رۆژی سەربەخۆیی ئەمەریکا دەستنیشانکراوە، لەو رۆژەدا کاربەردەستان و هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە هەریەکە و بە شێوازی جیاواز ئاهەنگ دەگێڕن و یادی ئەو رۆژە دەکەنەوە.