فیلمی ماڵێکی تاریکی سپی دەچێتە فێستیڤاڵێکی میسر
K24 - هەولێر:
فیلمی ماڵێکی تاریکی سپی لە نووسین و دەرهێنانی هەردی حەسەن عەلیه و تا ئێستا بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی عەرەبی و جیهانی دا کردووە و خاوەنی دوو خەڵاتی جیاوازیشە لە باشترین دەرهێنان لە وڵاتی لوبنان و باشترین ئەکتەر.
ئەم فیلمە بڕیاره لە 20 تەمموزی 2023 دا بەشداری لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی عەرەبی بکات لە شەرم شێخی میسر.
هەردی حەسەن، دەرهێنەری فیلمەکە بۆ کوردستان24 گوتی: ئەم بەرهەمە سینەماییە لە شاری هەولێر وێنەی گیراوە و لەلایەن ستافێکی گەنجی لێهاتوو کاری تێداکراوە، هەر یەک لە محەممەد ئیدریس وەک بەڕێوەبەری وێنەگرتن، گۆران مەعروف دیزاینەری سێت، زانیار کاکەخانی کاری دەنگ، کارزانی پیران بەڕێوبەری بەرهەم، کاردینا هێمن بەرنامە رێژ و چەندین گەنجی پڕ توانای بواری سینەما.
ئەو دەرهێنەرە ئاماژەی بەوەشدا، بەم کورته فیلمه، بووەتە خاوەن خەڵاتی باشترین دەرهێنەر لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی هیندستان بۆ گەردوون، هەروەها چەند خەڵاتێکی دیکەی لە ناوخۆی کوردستان و وڵاتانی دەرەوە بەدەستهێناوە.
هەردی حەسەن، جگە لەوەی کاری دەرهێنانی بۆ فیلمەکە کردووە، نووسەر و بەرهەمهێنەریەتی و لەلایەن سەنتەری ئاڵا بۆ پەرەپێدانی ڕۆشنبیری و هونەری بەرهەمهێنراوە.
گوتیشی: ماوەی فیلمەکەش 18 خولەکە و ناوەڕۆکی فیلمەکەش باس لە دوو کارەکتەر دەکات بەناوی دانا و شیرین، کە لە نێوان چیرۆکی نووسەرێک و ژیانی راستەقینەی خۆیاندا، لە فیلمی دەرهێنەرێکدا وون دەبن.