گەورە کۆمپانیاکانی بواری پزیشکی بوونی پەیوەندییان لەگەڵ 'سوپای مەهدی' رەت دەکەنەوە

K24 - هەولێر:

زیاتر لە 20 کۆمپانیای ئەوروپی و ئەمەریکی بواری دەرمان و ئامێرە پزیشکیکییەکان، داوایان لە دادگای باڵای ئەمەریکا کرد، تەواوی ئەو تۆمەتانەی باس لە هەبوونی پەیوەندی لەنێوان کۆمپانیاکان و سوپای مەهدی دەکەن، قەدەغە بکات.

کۆمپانیاکان بەشێكن لە پێنج گەورە کۆمپانیای بواری پزیشکی کە پێکهاتوون لە (ئەسترازینکا، فایزەر، جۆنسن ئاند جۆنسن، جی. ئی هێل، GE Healthcare، f hoffmann la roche).

ئەو کۆمپانیایانە تانە لە بڕیارێکی دادگای تێهەڵچوونەوەی ئەمەریکا دەدەن کە لەناوچەی کۆلۆمبیا دەرکراوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ساڵی رابردوو لەو دادگایە 21 کۆمپانیای ئەوروپی و ئەمەریکی بواری پزیشکی تۆمەتبار کراون بەوەی هاوکاری دارایی 'سوپای مەهدی'ـیان کردووە بەمەبەستی بەدەستهێنانی گرێبەستی پزیشکی لە عێراق.

ئەو کۆمپانیایانە ئاماژەیان بەوەداوە، سوپای مەهدی لەو سەردەمەدا کە ئەوان لەوێ بوون، کۆنترۆڵی وەزارەتی تەندروستی عێراقی کردووە.

دەشڵێن: گومانمان لەو بانگەشانە هەیە کە لایەنی سکاڵاکار لەم دۆسیەیەدا کردوویەتی و، بە هیچ شێوەیەک بەرپرسیار نیین لەو رووداوە دڵتەزێنانەی کە لەلایەن "میلیشیا عێراقییەکان"ـەوە هاتوونەتە ئاراوە.

سوپای مەهدی، گرووپێکی چەکداری شیعیە کە کۆتاییەکانی ساڵی 2003 لەلایەن موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانیان پێکهێنرا.

سەرەتا لە ناوەڕاست و باشووری عێراق بەهێز دەرکەوتن، لە مانگی نیسانی 2004 لەو شارانەی دەسەڵاتیان هەبوو، رووبەڕووی پۆلیسی عێراقی و هێزە ئەمەریکییەکان بوونەوە.

بەگوێرەی ئامارێکی ناوەندی توێژینەوەی (ISG) ئەم گرووپە نزیکەی 60 هەزار چەکدار لەخۆدەگرێت.