جەنەڕاڵێکی ئەمەریکا: فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا لە سووریا ئەمەریکایان هەراسان کردووە
K24 - هەولێر
جەنەڕاڵێکی ئەمەریکی رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکییان هەراسان کردووە، لە کاتێکدا ئەوان لە ئەرکێکدا بوون لە دژی تیرۆریستان لە ئاسمانی سووریادا.
جەنەڕاڵ ئەلێکسوس گرینکێویچ، لە هێزی ئاسمانی ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە، "لەکاتێکدا سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکی "MQ-9" ئەرکێکیان دژی ئامانجەکانی داعش ئەنجامدەدا، سێ فڕۆکەی جەنگی رووسی دەستیان کرد بە هەراسانکردنی فڕۆکە ئەمەریکیەکە.
گرینکێویچ ئاماژەی بەوەشکرد، سەربازانی رووسیا تەقەیان لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئەمریکییەکان کردووە، کە ناچاربوون پەنا بۆ خۆدزینەوە ببەن، هاوکات یەکێک لە فڕۆکەوانە رووسییەکان سووتێنەری پشتەوەی فڕۆکەکەی لەبەردەم فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "MQ-9"دا داگیرساندووە، کە توانای فڕینی بە سەلامەتی سنووردارکردووە.
گوتیشی: "ئەم رووداوانە نموونەیەکی دیکەی هەڵسوکەوتی ناپڕۆفیشناڵ و ناپارێزراوی هێزی ئاسمانی رووسیایە کە لە سووریا کاردەکەن، کە مەترسی لەسەر سەلامەتی هێزەکانی ئەمەریکا و رووسیا پێکەوە دروست دەکات"، داوای لە مۆسکۆش کرد "ئەم رەفتارە بێباکانە رابگرێت".
لە سەرەتای ئەمساڵدا ئەمەریکا رایگەیاندبوو، فڕۆکەیەکی جەنگی رووسی بووەتە هۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکی بەسەر دەریای رەشدا، بەڵام مۆسکۆ بەرپرسیارێتی خۆی رەتکردەوە.