سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل: حزبوڵڵا لە عێراق هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی دەستبەسەر کردووە
K24 - هەولێر:
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکەدا ئاشکرایکرد، هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی - رووسی بەناوی ئیلیزابێس تسورکۆڤ "چەند مانگێکە لە عێراق دیار نەماوە و لەلایەن حزبوڵڵاوە دەستبەسەرکراوە".
نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئیلیزابێس هێشتا لە ژیاندایە و سەلامەتی گیانی ئەو لە ئەستۆی عێراقدایە.
لە بەرانبەردا، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە کەناڵی CNNـی ئەمەریکی راگەیاند، تا ئێستا هیچ هەڵوێستێك لەسەر ئەم دۆسیەیە نییە، کاتێكیش لەم بابەتە ئاگادار کراینەوە، لە پێشهاتەکان ئاگادارتان دەکەمەوە".
حزبوڵڵای عێراقی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، میلیشیایەکی شیعەی عێراقین و لە ساڵی 2009 لەلایەن ئەمەریکاوە وەک "گرووپێکی تیرۆریستی" دەستنیشانکرا.
لە بەیاننامەکەی نوسینگەی ناتانیاهۆدا هاتووە: ئیلیزابێس بە مەبەستی توێژینەوە و خوێندن بە پاسپۆرتە رووسیەکەی سەردانی عێراقی کردووە.
ئاماژە بەوەشدرا، ئیلیزابێس تسورکۆڤ خوێندکاری دکتۆرایە لە زانکۆی بریستۆنی ئەمەریکی لە بەشی زانستە سیاسییەکان.