مێتا ئەپڵیکەیشنێکی نوێ بۆ رکابەری تویتەر دەخاتە کار

سرێدس
سرێدس

K24 - هەولێر:

کۆمپانیای مێتا کە خاوەندارێتی فەیسبووک و ئینستاگرام و چەند ئەپڵیکەیشنێکی تر دەکات، نوێترین ئەپڵیکەیشنی خۆی خستەکار کە رکابەری تویتەر دەکات.

سرێدس، ناوی ئەپڵیکەشنە نوێیەکەی مێتایە کە بە نیازە رکابەری تویتەری پێبکات، بە گوێرەی زانیارییەکان، پێدەچێت سەرەتا بۆ بەبازاڕکردنی سوود لە داتای بەکارهێنەرانی ئینستاگرام وەبگیرێت کە ژمارەیان نزیکەی یەک ملیارە.

تویتەر کە ئێستا لەلایەن ئیلۆن مەسک، سەرمایەدار و دامەزرێنەری کۆمپانیای تێسلا و سپەیس ئێکسەوە خاوەندارێتی دەکرێت، تا ئێستا لە رکابەری هاوشێوەکانیدا سەرکەوتوو بووە، بە نموونەش هەردوو ئەپڵیکەیشنی 'بلو سکای' و 'ماستودون'.

ئێستا سرێدس لە ئاپستۆری سیستەمی ئای ئۆ ئێس و پلەی ستۆری سیستەمی ئەندرۆید بەردەستە و ژمارەیەکی کەسایەتی دیاری جیهانی وەک شاکیرا و جاک بلاک هەژماریان تێیدا دروستکردووە، هەروەها ئاژانسی رۆیتەرز و پلاتفۆڕمی نێتفلیکس هەژماری تایبەتی خۆیان لەنێو ئەپڵیکەیشنەکەدا کردووەتەوە.