3 حاڵەتی نوێی تای خوێنبەربوون تۆمارکرا

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران، رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ یەکەم حالەتی تای خوێنبەربوون لە قەزای چۆمان تۆمارکرا. گووتیشی: تووشبووەکە ئاژەڵداربووە و ئاژەڵی لە ماڵەوە سەربڕیوە.

کامەران مەلا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، لە کۆتاییەکانی مانگی پێنجی ئەمساڵ یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تۆمارکرا و دووەم حاڵەتیش لە شارەدێی سرێشمە تۆمارکرا و سێیەم حاڵەتیش لە قەزای مێرگەسۆر تۆمارکرا، هەروەها چوارەم حاڵەتیش لە شارەدێی مەزنێ تۆمارکرا و پێنجەم حاڵەتیش لە گوندی بەرمیزە تۆمارکرا، شەشەم حاڵەتیش ئەمڕۆ لە قەزای چۆمان تۆمارکرا.

هەروەها راشیگەیاند، تاکو ئێستا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سێ کەس بەهۆی ئەم نەخۆشیەوە گیانیان لەدەستداوە، هۆکاری توشبوونەکانیش دەگەڕێتەوە بۆ پابەندنەبوونی هاووڵاتییان بە رێنماییە تەندروستییەکان.

ئاماژەی بەوەدا، ئەم هاووڵاتییەی کە ئەمڕۆ تووشبووە پیشەی پێشمەرگە بووە، بەڵام کاری ئاژەڵداری و سەربڕینی ئاژەڵی لە ماڵەوە کردووە، هەروەها لە رۆژانی جەژنی قورباندا بەهۆی پابەندنەبوونی بە رێنماییە تەندروستییەکان تووشی نەخۆشییەکە بووە.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران، ئەوەشی خستەڕوو، "لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سەربڕخانەیەکی مۆدێرنمان نییە بۆیە هۆکاری زۆری تووشبووەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، هەروەها لە ئێستادا رەزامەندی درایە کە سەربڕخانەیەکمان بۆ دروستبکرێت، هیوادارین بە زووترین کات تەواو بێت".

 

بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری راپەڕین: نەبوونی سەربڕخانەی مۆدێرن هۆکارە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لەو ناوچانەی ئێمە

ئەمڕۆ حاڵەتێکی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە شارەدێی چوارقوڕنە تۆمارکرا، هاوکات سەعدی تەیب، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری راپەڕین، رایدەگەیەنێت، نەبوونی سەربڕخانەی مۆدێرن هۆکارە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لەو ناوچانەدا.

سەعدی تەیب، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری راپەڕین، بۆ کوردستان24، رایگەیاند، ئێمە پێشتر گووتبوومان کە لەو ناوچانەی ئێمە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیەکە زۆرە بە هۆکاری ئەوەی سەربڕخانەیەکی مۆدێرنمان نییە.

ئاماژی بەوەشدا، "مەیدانی ئاژەڵانی حاجیاوەمان هەیە لە قەڵادزێ، بووتە ناوەندێک بۆ هاتوچۆکردنی ئاژەڵ لە شار و شارۆچکە و گوندەکانی دیکە، هەروەها دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستانیش، هەندێک جاریش ئاژەڵ بە نایاسایی دەهێنرێت بەبێ پشکنین".

گووتیشی: "بەداخەوە لەم دەڤەرەی ئێمە لەسەر سەقامەکان ئاژەڵ سەردەبڕدرێن و دەدرێن بە خەڵک".

بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری راپەڕین، جەختی لەوەشکردەوە، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی تووشبوون بەن نەخۆشییە لەم دەڤەرە ئەوەیە هاووڵاتییان رێنماییە تەندروستییەکان بە هەند وەرناگرن و پابەندی نابن.

باسی لەوەشکرد، پێشتریش رامانگەیاندبوو کە ئەگەری تووشبوونمان بەم نەخۆشییە لەو دەڤەرە زۆرە پێویستە ئاگەداری خۆمان بین.

سەعدی تەیب، دووپاتیکردەوە، پێویستە بە زووترین کات سەربڕخانەیەکی مۆدێرنمان بۆ دروستبکرێت

 

حاڵەتێکی دیکەی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە کەرکووک تۆمارکرا

بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە فەرمانگەی تەندروستی کەرکووک، رایدەگەیەنێت، دوای پشکنین دڵنیابوونەتەوە کە کەسەکە تای خوێنبەربوونی هەیە و لە ئێستادا لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری دایە.

سامان یابە، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە فەرمانگەی تەندروستی کەرکووک، تایبەت بۆ کوردستان24، گووتی: "حاڵەتەکە لەگوندێکی سنووری حەویجە بووە و دوای پشکنین دڵنیابووینەتەوە کە تای خوێنبەربوونی هەیە، هەروەها منداڵەکە دۆخی تەندروستی باشەو لەنەخۆشخانەی شیفا لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەحاڵەتەکەی ئەمڕۆوە ئەمە چوارەم حاڵەتی نەخۆشی تایخوێنبەربوونە لە سنووری شاری کەرکووک و یەکێک لە حاڵەتەکانیش گیانی لەدەستداوە.

تای خوێنبەربوون کە بە "تای خوێنبەربوونی کریمیا - کۆنگۆ" ناسراوە، بە یەکێک لە کۆمەڵەی تای خوێنبەربوونی ڤایرۆسی دادەنرێت کە بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بڵاودەبێتەوە.

دوای ئەوەی کەسێک تووشی ڤایرۆسەکە دەبێت، نزیکەی هەفتەیەکی پێدەچێت بۆ دەرکەوتنی نیشانەکانی، کە بریتیە لە خوێنبەربوونی ناوەکی یان دەرەکی لەگەڵ تایەکی بەرز.

بەگوێرەی زانیاریەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، رێژەی مردن بەتای خوێنبەربوون %40، تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرێکی بۆ نەدەزۆراوەتەوە و ئاماژە بەوەشکراوە، تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.

نیشانەکانی تای خوێنبەربوون بریتین لە (تا، ئازاری ماسولکە، سەرگێژخواردن و سەرئێشە، ئازاری مل و پشت، هەوکردنی چاو و هەستیاری بە رووناکی، رشانەوە و سکچوون، ئازاری سک، ئاوسانی گەروو).