لە سنووری پردێ هێرشکرایە سەر پاسەوانانی کێڵگەیەکی نەوت کوژراو و بریندار هەن

پردێ
پردێ

لە ڕووداوێکی دەستڕێژی گوللەدا لە سنووری شارەدێی پردێ، پاسەوانێکی کێڵگەیەکی نەوتی ئەهلی کوژرا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026، بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەک لە پۆلیسی پردێ بە هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، لە نزیک گوندی دارەمان لەسەر رێگەی سەرەکیی کەرکووک –هەولێر، دەستڕێژی گوللە لە پاسەوانانی کێڵگەیەکی نەوتی ئەهلی کراوە.

سەرچاوەکەی پۆلیس ئاماژەی بەوە کرد، دوو کەسی نەناسراو بە ماتۆڕسکیلێکەوە لە پێش کێڵگە نەوتییەکە تێپەڕیون و تەقەیان لە پاسەوانەکان کردووە، لە ئەنجامدا پاسەوانێکی کێڵگەکە بەناوی (ڕزگار قادر) گیانی لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون، دواتریش هێرشبەرەکان بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتوون.

دوای رووداوەکە دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست و لێکۆڵینەوەیان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی هێرشبەران دەستپێکردووە، هاوکات بریندارەکانیش بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە و لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.