زەیدی و ترەمپ بە تەلەفۆن قسەیان کرد
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد. لە پەیوەندییەکەدا دوایین پێشهاتەکان و بارودۆخی ناوچەکە، دۆخی ئەمنی و ئاسۆکانی قۆناخی داهاتوو تاوتوێ کران.
پێنجشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی راگەیەنراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هەماهەنگی و راوێژکاریی نێوان هەردوو وڵات کردەوە لە بەرامبەر ئاڵەنگارییە بەردەوامەکاندا. هەروەها تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە کارکردن لەسەر پشتیوانیکردنی سەقامگیریی ناوچەیی، پەرەپێدانی زمانی دیالۆگ و دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، بە شێوازێک کە بەشدار بێت لە کۆنترۆڵکردنی ئاڵۆزییەکان و رێگریکردن لە فراوانبوونی بازنەی ململانێکان.
لای خۆیەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەڵوێستی بەغدای لە داواکردنی رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان و بەکارنەهێنانی خاکی عێراق وەک دەستپێکێک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ دووپاتکردەوە. هەروەها جەختی لە پێویستیی گرتنەبەری چارەسەری ئاشتییانە و دیالۆگی بونیاتنەر کردەوە، بە جۆرێک کە ئاسایشی ناوچەکە و سەقامگیریی گەلان بپارێزێت.
لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و هەماهەنگیکردنی هەڵوێستەکان کردەوە سەبارەت بەو دۆسیانەی کە جێی بایەخی هاوبەشن، بە شێوازێک کە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بەهێز بکات و خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بگەیەنێت.