دژە تیرۆری عێراق کورژانی "پێنج تیرۆریستی داعش" لە کەرکووک رادەگەیەنێت
K24 - هەولێر
دەزگای دژەتیرۆری عێراق رایگەیاند، هێزەکانیان پێنج تیرۆریستی داعشیان لە سنووری پارێزگای کەرکووک کوشتووە.
لەو راگەیەندراوەی کە ئەمڕۆ هەینی 7ـی تەممووزی 2023، لەلایەن دەزگای دژەتیرۆری عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە، هێزەکانیان لە ناحیەی پردێ سەربە قەزای دووبز لە پارێزگای کەرکووک ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا و لەمیانیدا رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزەکانیان و تیرۆریستانی داعش روویدا.
وەک لە راگەیەندراوەکەی دژە تیرۆری عێراقدا هاتووە، لەو ئۆپەراسیۆنەدا "پێنج تیرۆریستی داعش" کوژراون. ئەوەش خراوەتەڕوو، هێزەکانی سەربە دەزگای دژەتیرۆر بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ راوەدوونانی پاشماوەکانی داعش لەو وڵاتدا.
ئەمە لە کاتێکدایە 26ـی مانگی رابردوو، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە باشووری کەرکووک، سێ چەکداری داعش کوژران. نەبیل عیسا، یاریدەدەری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، زانیاری هەواڵگیریان پێگەیشتبوو، چەکدارانی داعش پلانیان هەبووە سەرەتا بۆ ناو گوندی تورکئالان لە باشووری کەرکووک و دواتریش بۆ ناوەندی شارەکە دزە بکەن.
رێکخراوی داعش لە ساڵی 2014 تەواوی پارێزگاکانی مووسڵ، سەڵاحەددین، ئەنبار و بەشێکی پارێزگاکانی کەرکووک و دیالەی کۆنترۆڵ کرد. دواتر رۆژی 9ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2017 حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق سەرکەوتنی یەکجارەکی بەسەر داعشدا راگەیاند. وێڕای تێپەڕینی زیاتر لە شەش ساڵ بەسەر رووخاندنی رێکخراوەکە؛ تا ئێستاش پەلامارەکانی داعش لەو ناوچانە بەردەوامن.