تەڵعەت جەوهەر: جووتیارانی کەرکووک بەهۆی نائارامییەوە واز لە زەوییەکانیان دەهێنن

تەڵعەت جەوهەر، سەرۆکی لقی کەرکووکی یەکێتی جووتیارانی کوردستان
تەڵعەت جەوهەر، سەرۆکی لقی کەرکووکی یەکێتی جووتیارانی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی لقی کەرکووکی یەکێتی جووتیارانی کوردستان، رایگەیاند، ئەمساڵ بەهۆی نالەباری کەش و هەوا %75ـی بەرهەمی جووتیاران خراپ بووە و هەروەها بەهۆی نائارامی دۆخی ئەمنی  کەرکووک جووتیاران واز لە زەوییەکانیان دەهێنن.

تەڵعەت جەوهەر، سەرۆکی لقی کەرکووکی یەکێتی جووتیارانی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند، ئەمساڵ تا کاتی پێگەیشتنی بەرهەمی جووتیاران کەش و هاوا سارد بوو ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی بەرهەمی جووتیاران ئەمساڵ باش دەرنەچێت.

هەروەها راشیگەیاند، هۆکارێکی دیکە کە وای کردووە بەرهەمی جووتیاران باش دەرنەچێت نائارامی دۆخی شاری کەرکووکە کە جووتیارانی لەسەر ئەم کارە سارد کردووەتوە و بە ئاسانی نەیاندەتوانی هاتووچۆی کێڵگەکانیان بکەن و ژیانیان پارێزراو نییە، هەروەها جووتیاران بەهۆی نائارامی بارودۆخی ئەمنی واز لە زەوییەکانیان دەهێنن.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەرگرتنی باج و سەرانە لە بازگەکان جووتیارانی زۆر نیگەران کردبوو ئەمەش هۆکارێکی دیکەبوو بۆ ئەوەی جووتیاران سارد بکاتەوە لە کاری کشتوکاڵی، هەروەها "لەهەموو جیهان جووتیار ئاسانکاریان بۆ دەکرێت تەنها لە وڵاتی ئێمە ئاستەنگیان بۆ دروستدەکرێت".

سەرۆکی لقی کەرکووکی یەکێتی جووتیارانی کوردستان، جەختی لەوەشکردەوە، بەهۆی ئەو بارودۆخەی لە سنووری کەرکووک هەیە، خەڵک نەیتوانیوە پڕۆژەی گەورە دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی کشتوکاڵی سنوورەکە زیاتر گەشە بکات، هەروەها دەبێت ئاسانکاری بۆ جووتیاران و کاری کشتوکاڵی بکرێت.

گووتیشی: "پێویستە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق بە هاوبەشی بتوان گوندەکانی شاری کەرکووک ئاوەدان بکەنەوە و سەقامگیری ئەمنی بۆ جووتیاران دابین بکەن، بەهۆی ئەوەی جووتیاران بەو نا ئارامییەی ئێستا سوودمەند نابن، هەروەها پیوسیتە دۆخێکی ئەمنی گونجاو بۆ جووتیاران دەستەبەر بکرێت".

Fly Erbil Advertisment