مۆڵەتی 3 رۆژ بە کاسبکارانی بازاڕێکی کەرکووک دەدرێت بۆ چۆڵکردنی دووکانەکانیان
زیاتر لە 20 خێزان لە کەرکووک بەهۆی بڕیاری پێدانی بازاڕی پێڵاوفرۆشانی کەرکووک بە کەرتی وەبەرهێنان، لەبەردەم مەترسیی لەدەستدانی سەرچاوەی بژێوییاندا ماونەتەوە. خاوەن دووکانەکان داوا ئەکەن لایەنی پەیوەندیدار چارەسەرێک بۆ کێشەکەیان بدۆزێتەوە چونکە وەک خۆیان دەڵێن: هیچ دەرگایەک نەماوە لێی نەدەن و لە رێگەی کوردستان24ـەوە دەنگیان بەلایەنی بەرپرس دەگەیەنن.
خاوەن دووکانەکان داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەکەیان بدۆزنەوە و دەڵێن سەرجەم دەرگاکانیان لێ گیراوە و ناچار پەنایان بۆکوردستان242 هێناوە. بەپێی زانیارییەکان، دەستەی وەبەرهێنان لە بەرامبەر رووخاندنی هەر دوکانێک، بڕی 3 ملیۆن دیناری وەک قەرەبوو بۆ خاوەنەکانیان تەرخان کردووە، بەڵام دووکاندارەکان ئەو بڕە پارەیە بە کەم دەزانن و جەختدەکەنەوە کە بژێویی ژیانیان لەدەست دەدەن.
فەرمان سوور، کە یەکێکە لە دووکاندارەکان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، زیاتر لە 20 ساڵە لەو بازاڕەدا کاردەکەین و بە زۆر و زۆرداری دەیانەوێت دووکانەکانمان لێ وەربگرنەوە. ئەو دووکاندارە روونیکردەوە کە بەهۆی رەتکردنەوەی ئەو پارەیەی بۆیان دانراوە، رووبەڕووی لێپرسینەوە بوونەتەوە و ناچارکراون. فەرمان سوور ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو دووکانانەیان بە یاسایی کڕیوەتەوە و بەپێی گرێبەست لەژێر دەستیاندایە و بەبڕوای ئەو، پێدانی ئەم شوێنە بە وەبەرهێنان یاسایی نییە.
سامان عاسی، دووکاندارێکی دیکەیە و دەڵێت: ئێمە کۆمەڵێک خەڵکی هەژارین کە لە دوای ساڵی 2003 هاتووینەتەوە کەرکووک. عاسی نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی هیچ شوێنێکی بەدیل بۆ کەسابەتیان دابین نەکراوە و تەنیا لەسەر شەقامەکانیش رێگەیان پێنادرێت کاربکەن. بە گوتەی عاسی، ئەو خاوەن دووکانانە بەشێکیان ئاوارەی پێشووی شارەکە بوون و ئێستا دووبارە رووبەڕووی دۆخێکی نادڵنیایی بوونەتەوە.
بەشێک لە دووکاندارەکان ئاگادارییان پێگەیشتووە کە لە ماوەی 3 رۆژدا دەبێت شوێنەکانیان چۆڵ بکەن. ئەوان داوادەکەن ئەگەر شوێنەکە دەکرێت بە پڕۆژەی بازرگانی و تاوەر، لانی کەم لە پڕۆژە نوێکەدا شوێنیان بۆ دابین بکرێت تا بتوانن درێژە بە کارەکانیان بدەن و سەرچاوەی بژێوییان لەدەست نەدەن.