محەممەد جەمیل: کۆمیدیا باشترین رێگەیە بۆ چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردی

محەمەد جەمیل، شانۆکار
محەمەد جەمیل، شانۆکار

K24 – هەولێر:

"محەمەد جەمیل" لە لایەکەوە شانۆکار و لەلایەکی دیکەوە بەوە دەناسرێتەوە کە سەما لەگەڵ دەرهێنانی کلیپەکان دەکات، بۆ ئەوەی سەرنجەکانمان بکەونە سەر هەردوو بوارەکە رووبەڕووی چەند پرسیارێکی "کوردستان24"ـمان کردووەتەوە.

جیاوازی نێوان دەرهێنان لە کاری شانۆیی یان دەرهێنانی کلیپ لەچیدا دەبینتەوە؟

شانۆ و کلیپ دوو هونەری جیاوازن، شانۆ پڕۆسەیەکی راستەوخۆی دیدەنی بینەرە و کە چرکە سات خۆی تۆماردەکات لە زهنی بینەر، بەڵام کلیپ هەڵقوڵاوی ناخی گۆرانیبێژێکە وەسیلەیەکە بۆ پڕکردنەوەی تەواوی ئەو پەیامەی کەسی گۆرانیبێژ دەیەوێ بیگەینێ، بۆیە لە پرۆسەی دەرهێنان جیاوازییەکی زۆر هەیە شانۆ هونەرێکی زیندووە و کلیپ تۆمارییە، بەڵام لە یەک خاڵ یەک دەگرنەوە ئەویش خەیاڵە کە پرۆسەی داهێنانە.

تا چەند تووشی کێشەی نواندنی ئەو ئەکتەرانە دەبیتەوە کە لەنێوان کاری شانۆیی و کلیپدا جوڵەی هەمەجۆر دەکەن، واتا هونەرمەند لە کامەیاندا زیاتر بواری ئەوەی دەبێت نواندن بکات؟

"لێرەیشدا جیاوازی هەیە ،لە نواندن لە شانۆ و کلیپدا، لەشانۆدا ئەکتەر پێویستی بە نواندنی چونناو باری کەسایەتی هەیە، واتە "تقموس"، بەڵام لە کلیپ ئەمە زۆر گرنگ نییە، هەڵبەتە وەک نواندن شانۆ قورسترە، بەڵام لە کلیپ بەهۆی ئەوەی تۆمارییەو زاویەی کامێرا جیاوازە دەکرێت فێڵی تەکنیکی بدۆزیتەوە، ئەوەی من کارم لەگەڵ کردوون چ وەک شانۆ چ وەک کلیپ زۆر لێیان رازی بوومە".

لە شانۆدا بینەر زیاتر چاوەڕێی شانۆگەرییە کۆمیدییەکان دەکات، لەلایەکەوە پێی پێ دەکەنێ، لەلایەکی تریشەوە خەمەکانی خۆی تێدا دەدۆزێتەوە، بەڕای تۆ بۆچی کەمتر کلیپی کۆمیدی دەبینین؟

"کۆمیدیا باشترین رێگەیە بۆ چارەسەری ئەم دۆخەی ئێستای کۆمەڵگەی کوردی، بۆ ئەوەی لەم گۆشەگیری و ناهەموارییەی تاکی کورد تێیدایە ڕزگاری بێت، کۆمیدیا ئەگەر بەلا رێدا نەچێ، تاکێکی هۆشیار بنیات دەنێت، لەبەر دوو هۆکار، یەکەم: تاکی کورد خۆی تاکێکی گۆشەگیرە و هەڵی رزگار بوون دەدات. دووەم: کۆمیدیا ئامانجێکی لە پشتە ئەویش بە ئاگا هێنانەوەی تاکی کوردە لەو گۆشەگیرییەو خەمۆکییەی دەورەی داوە، بەڵام بۆ کلیپ لەجیلی کۆن سابیر عەبدولڕەحمان و لە نەوەی نوێ کلیپەکانی ئاراس کۆیی و هەڤاڵ ئیبراهیم هەنگاوی باشیان هاویشت، بە بۆچونی من سەرکەوتنی باشیان بەدەستهێنا، بەڵام نەتواندرا بەردەوام بێت ئەمەش بۆ بەهەڵە تێگەیشتنی خودی هونەرمەند دەگەڕێتەوە بۆ کۆمیدیا کە هەست دەکا ئەمە لەو ناوەشێتەوە، لە کاتێکدا کۆمیدیا بەرزترین ئاستی تێگەشتنەو هیچی کەمتر نییە لە کلیپەکانی دیکە".

مەبەستمان نییە وەک مامۆستای پەیمانگەی هونەرەجوانەکان پرسیارت لێ بکەین، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە خۆت وەک هونەرمەندێک لە ناو پەیمانگەکەدا تا چەند توننیوتە ئەکتەر درووست بکەیت، کە ئەوەیان پسپۆری خۆتە؟

"نە من نە کەسی تر ناتوانێ ئەکتەر دروست بکا کە خۆی ئارەزوومەند نەبێ، کەواتە پەیمانگە رێگە خۆشکەرێکی ئەکادیمییانەی هونەرە یان بە واتایەکی تر ڕێگەکانی بەگەیشتن بە ئەکتەر بوون و مومارەسەکردنی هەنگاوەکانی بەرەوپێشچونی ئەکتەرت نیشان دەدات، ئەکتەربوون لەگەڵ ئەوەی بەهرەیە، بەڵام پرۆسەیەکی زانستیشە بۆ پێگەیاندنی خۆی ئەوەی پێم کراوە لەو ماوەیەی کەلە پەیمانگە بوومە کەم تەرخەمیم نەکردوو".