نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە نۆ هەزار هاووڵاتیی سڤیل لە جەنگی رووسیا - ئۆکرانیا گیانیان لەدەستداوە

ژمارەیەک هاووڵاتی ئۆکرانی، کە بەهۆی جەنگەوە کؤچ دەکەن | وێنە: UN News
ژمارەیەک هاووڵاتی ئۆکرانی، کە بەهۆی جەنگەوە کؤچ دەکەن | وێنە: UN News

K24 - هەولێر

نەتەوەیەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەدات، لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا زیاتر لە نۆ هەزار کەسی سڤیل کوژراون کە 500ـیان منداڵن.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا کە نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئۆکرانیا بەبۆنەی تێپەڕبوونی 500 رۆژ بەسەر دەستپێکی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا بڵاویکردووەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دراوە، تا ئێستا هیچ ئاسۆیەک بۆ کۆتایهێنان بە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا نییە و ژمارەی قوربانیانیش رۆژ لەدوای رۆژ زیاددەکات.

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ رێژەی کوژرانی کەسانی سڤیل لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا لەماوەی ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمترە، بەڵام دۆزینەوەی تەرم لەناو دارو پەردووی خانووە رووخاوەکانی رۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیادا بەردەوامە.

رۆژی دووشەممە 3ـی تەممووزی 2023، گریگۆری کاراسین، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەنجوومەنی فیدراسیۆن لە پەرلەمانی رووسیا رایگەیاند، 700 هەزار منداڵی ئۆکرانیا لە رووسیان کە لە ناوچە جێناکۆکەکانی ئەو وڵاتەوە هاتوون.

سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەنجوومەنی فیدراسیۆن لە پەرلەمانی رووسیا رایگەیاند، "رووسیا بە پێچەوانەی هەندێک وڵاتی ئەوروپا، بەوردی و گەرموگوڕییەوە مامەڵە لەگەڵ منداڵان دەکات."

ئۆکرانیا هێزەکانی رووسیا تۆمەتبار دەکات بە رفاندنی منداڵانی ئۆکرانی لە ناوچەکانی ڵوهانسک و دۆنێتسک.

بەپێی پۆرتاڵی وەزارەتی کاتیی یەکخستنەوەی خاکە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیا کە بە مەبەستی دۆزینەوە و رزگارکردنی منداڵان دامەزراوە، لە 24ی شوباتی 2022ەوە کە جەنگ دەستی پێ کردووە، 19 هەزار و 492 منداڵی ئۆکرانیا بەشێوەیەکی نایاسایی براونەتە دەرەوەی سنوورەکانی ئۆکرانیا.