بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر پێنج خانەوادەی داعش رادەستی کەنەدا دەکات

کەمپی هۆل - ئەرشیف
کەمپی هۆل - ئەرشیف

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان پێنج هاووڵاتی کەنەدی خانەوادەی داعش، رادەستی شاندی وڵاتەکەیان کردەوە.

دەستەی کاروباری دەرەوە لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە شاری قامیشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند: بۆ گەڕاندنەوەی ژن و منداڵی خانەوادەکانی داعش لە کەمپەکانی باكووری رۆژهەڵاتی سووریا، شاندێکی کەنەدی سەردانی رۆژئاوای کوردستانیان کرد لەگەڵ بەرپرسانی خۆسەر کۆبوونەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە دوای کۆبوونەوەکە و بەهەماهەنگی هەردوولا دوو ژن و سێ منداڵی خانەوادەی داعشی بە رەگەز کەنەدی رادەستی کەنەدا کرانەوە.

رۆژی 4ـی تەمووزی 2023، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنساش بڵاویکردەوە، لە چوارەم ئۆپەراسیۆنی هاوشێوەدا توانیویانە 10 ژن و 25 منداڵ-ی چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆلی باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ فەرەنسا بگێڕنەوە.

کەمپی هۆڵ دەکەوێتە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، بەگوێرەی ئامارەکان زیاتر لە 50 هەزار ژن و منداڵی چەکدارانی داعشی تێدایە و بەشێکی زۆر لەو ژن و منداڵانەی لەناو کەمپەکەدان خەڵکی وڵاتانی رۆژئاوان.