سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان: جێبەجێکردنی ماددەی 140 پێویستی بە یەکگوتاری کوردە

K24 - هەولێر
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان بە پێویستی دەزانێت سەرکرادایەتی سیاسی کورد خاوەن یەکگوتار بێت بۆ ئەوەی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق جێبەجێ بکرێت و کێشەکانی ئەو ناوچانەش چارەسەر بکرێن. روونیشیدەکاتەوە، ژمارەیەک سەرکردەی سیاسی عێراق بەڵێنی چارەسەکردنی کێشەکانیان پێ داون.
ئەمڕۆ سێشەممە 11ـی تەممووزی 2023، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی سەردانەکەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی سیاسی عێراقی سەبارەت بە كێش و گرفتی جووتیارانی کورد لە ناوچەکانی سنووری ماددەی 140ـی دەستووری عێراق خستەڕوو و رایگەیاند، بۆ ئەوەی تەواوی کێشەکان چارەسەرببن و ماددەی 140 جێبەجێبکرێت، پێویستە لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان هاوهەڵویستبن و خاوەنی یەکگوتار بن.
فەهمی بورهان ئاماژە بەوەش دەدات، لە زنجیرەیەک کۆبوونەوەدا لەگەڵ هادی عامری، ئەحمەد فەتلاوی و ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی عێراق ئەوەیان پێ گوتراوە، بۆ ئەوەی کێشەی زەویوزاری جووتیارانی کورد چارەسەر بکرێت، پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کورد زیاتر بهێتە سەرخەت و فشار بکات بۆ ئەوەی لە رێگەی پەرلەمانی عێراقەوە، بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی سەردەمی رژێمی بەعس هەڵبوەشێندرێنەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا فەهمی بورهان جەختی لەوەش کردەوە، "ئێمە وەکو دەستەی ناوچە کوردستانییەکان ئەوەی پێویست بێت لە بەرچاوڕوونی داومانەتە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (مەسرور بارزانی) و جێگرەکەی (قوباد تاڵەبانی) و هەموو راستییەکانمان بۆ روونکردوونەتەوە".
بەگوتەی سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان، لەو کۆبوونەوانەدا سەرکردە سیاسییە عێراقییەکان ژمارەیەک بەڵێنیان پێ داون و کۆبوونەوەکان تا رادەیەک دەستکەوتی باشیان هەبووە، "بەڵام ئەمە مانای ئەوە نایەت کۆی خواست و ئامانجەکانمان هاتبێتە دی" بۆیە لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا دووبارە سەردانی بەغدا دەکەن بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەو بەڵێنانەی پێیان دراون.
هەر لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان لەگەڵ شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەتەوە. دەڵێت، لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا شاخەوان عەبدوڵڵا پێی گوتووە، "لیژنەی ماددەی 140 لە نێو پەرلەمانی عێراق زیندووکراوەتەوە، لە کاتێکدا بە درێژایی کابینەکانی رابردوو کارەکانی هەڵپەسێدرابوون" ئەمەش وەکو ئەوەی فەهمی بورهان ناوی دەبات، "هەواڵێکی دڵخۆشکەرە".
فەهمی بورهان لە درێژەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئەوەشی خستەڕوو، پێشینی دەکات سەرەتای مانگی داهاتوو (ئاب)، هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کە "زەرەرمەندبوونە"، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە قەرەبوو بکرێنەوە.
رۆژی یەکشەممە 9ـی تهممووزی 2023، لهتیف رهشید، سهرۆككۆماری عێراق پێشوازی له شاندێكی جووتیارانی كهركووك كرد و رایگهیاند، "كهركووك ئهو شارهیه له ماوهكانی رابردوودا بههۆی سیاسهتی چهوساندنهوه پهراوێزخستن لهلایهن رژێمی پێشووهوه، دووچاری چهندین نههامهتی بووهتهوه."
سهرۆككۆماری عێراق به پێویستیشی زانی سهرجهم پرسه ههڵواسراوهكانی تایبهت به كهركووك چارهسهر بكرێن، جهختیشی لهسهر پێویستی ههڵوهشاندنهوهی بڕیارهكانی ئهنجوومهنی سهركردایهتی شۆڕشی حزبی بهعس كردهوه، لهپێناو گهیشتن به چارهسهرییهك كه ههمووان تێیدا رازی بن.
ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لە دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەرەوە بە دەست پاشماوەی چەکدارانی داعش و حەشدی شەعبی و عەرەبە ھاوردەکانەوە دەناڵێنن و رێگرییان لێ دەکرێت کاری کشتوکاڵی لەسەر زەوییەکانیان ئەنجام بدەن. تا ئێستا دەیان جار لەلایەن سوپای عێراق و چەکدرانی سەر بە حەشدی شەعبییەوە هێرشکراوەتە سەر جووتیارانی کورد و رێگریان لێ کراوە کاری رۆژانەیان بکەن. هاووڵاتییانی کورد داوا لە سەرکردایەتی سیاسی کورد دەکەن ئەو تەعریبە رابگرن کە لە سەر ناوچەکە و ماڵ و زەویەکانیان ھەیە و سنوورێک بۆ زێدەرووییەکانی سوپای عێراق و هاشێوەکانی دابنێن.