ئەردۆغان: سەرۆکی رووسیا لەسەر درێژکردنەوەی رێککەوتنی دانەوێڵە رازی بووە

K24 - هەولێر:

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بە میدیاکانی راگەیاند، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا رەزامەندی لەسەر درێژکردنەوەی رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە لە رێگەی دەریای رەشەوە دەربڕیوە.

ئەمڕۆ (14ـی تەمموزی 2023)، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند ، لەگەڵ ڤلادمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا، قسەی کردووە و پوتن رەزامەندی لەسەر دریژکردنەوەی هەناردەکردنی دانەوێڵە دەربریوە، هاوکات سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەدا، ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی مانگی هەشت پێشوازی لە سەرۆکی رووسیا بکەن و هەردوولا لەسەر درێژکردنەوەی رێککەوتنەکە رێککەوتوون.

رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا لە رێگەی دەریای رەشەوە هەفتەی داهاتوو کۆتاییدێت و رووسیاش هەمیشە ناڕەزایەتی دەردەبڕێت لەبەرانبەر ئەوەی مەرجەکانی لە رێککەوتنەکە لەبەرچاو نەگیراون.

لەلایەکی دیکەوە، لە وەڵامی پرسیاری ئاژانسەکانی رۆژنامەوانی رووسیا، دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین، لێدوانەکەی ئەردۆغانی پشتڕاستنەکردووەتەوە هاوکات ڕەتیشینەکردووەتەوە. گووتیشی: هیچ لێدوانێک لەو بارەیەوە لە لایەنی رووسیاوە نییە.

ڕێککەوتنی دانەوێڵەی دەریای ڕەش بۆ یەکەمجار لە مانگی تەمموزی ساڵی 2022 واژوو کرا، واتە دوای پێنج مانگ لە لەشکرکێشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و تا ئێستا دووجار نوێ کراوەتەوە. بەڵام ئەمجارەیان پوتن چەندین جار هەڕەشەی نوێنەکردنەوەی کردووە بەهۆی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنی خودی رووسیا.

پێشتریش، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە لێدوانێکیدا لە جاکارتا، داوای لە رووسیا کردبوو، رێککەوتنەکە درێژبکاتەوە، هۆشداریشیدابوو لەوەی کە وڵاتانی لاوازتر بەبێ ئەو ڕێککەوتنە زیانیان پێدەگات.

بلینکن دوای دانوستانەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا بە ڕۆژنامەنووسانی راگەیاندبوو، "وڵاتانی گەشەسەندوو لەنێویاندا لە ناوچەکەشدا باجەکە دەدەن لەنێویاندا بە شێوەیەکی تەواو رستەیی لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، هەروەها کەمیی خۆراکی زیاتر."

هەر لەبارەی درێژکردنەوەی رێککەوتنی دانەوێڵە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەم هەفتەیەدا نامەیکی بۆ پوتن نارد و تێدا هاتووە، پشتگیری لە لابردنی بەربەستەکان دەکات بۆ هەناردەکردنی پێوەکانی رووسیا توخمێکی دیکە کە مۆسکۆ گلەیی کردووە کە رێزی لێناگیرێت.

لەبەرامبەردا ئەردۆغان گووتی هیوادارە "بەم نامەیە بە هەوڵە هاوبەشەکانمان و هەوڵەکانی رووسیا درێژکردنەوەی ڕێڕەوی دانەوێڵە مسۆگەر بکەین".

ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی گۆتێرێس دەڵێت: "گفتوگۆ دەکرێت، نامەکانی واتسئەپ دەنێردرێت، نامەی سیگناڵ دەنێردرێت و ئاڵوگۆڕ دەکرێت."

ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا چاوەڕێی وەڵامی نامەکەی گۆتێرێس بوون.