نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەمساڵ 289 منداڵ لەکاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە

K24 - هەولێر
سندوقی هاوکاری منداڵان سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف)، ئاماژەی بەوە کرد، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2023، 289 منداڵ لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە دەریای ناوەڕاست بۆ گەیشتن بە ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە و، ئەم ژمارەیە لە نیوەی یەکەمی 2022 دوو هێندە زیادی کردووە و جیهانیش بە ئەنقەست چاوپۆشی لەم مردنانە کردووە.
بەپێی راگەیەندراوێک کە لەلایەن یونیسێفەوە بڵاوکراوەتەوە، پێشەنگی جیهانی بۆ کۆچ و ئاوارە، ڤێرا کناوس لە شاری جنێڤی سویسرا، سەبارەت بە گیانلەدەستدانی منداڵان لە دەریای ناوەڕاست بۆ رۆژنامەنووسان دوا.
کناوس باسی لەوە کرد، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا 289 منداڵ لەو رێگایەدا گیانیان لەدەستداوە و، ئەم ژمارەیە بە بەراورد بە هەمان قۆناغی ساڵی رابردوو گەیشتووەتە دوو هێندە و، ژمارەکە زۆر لەو دوورە کە لە مانشێتی رۆژنامەکاندا بڵاوکراوەتەوە و هەفتانە نزیکەی 11 منداڵ گیان لەدەست دەدەن.
هەروەها کناوس باسی لەوە کرد، تەنیا لە شەش مانگدا فڕۆکەیەکی پڕ منداڵ گیانیان لەدەستداوە، جەختی لەسەر ئەوەش کردووە، ئیدی بێ دەنگ نابن بەرامبەر ئەوە.
کناوس ئەوەشی خستەڕوو، شەڕ و پێکدادانە هەرێمییەکان و گۆڕانی کەشوهەوا، خەڵکێکی زۆر کە زۆربەیان منداڵن ناچار بە کۆچی دەریایی مەترسیدار کردووە کە لە باکووری ئەفریقاوە بۆ ئەوروپا درێژ دەبێتەوە و گوتی: "پێشبینی دەکرێت لە نیوەی یەکەمی ساڵدا 11 هەزار و 600 منداڵ بە دەریای ناوەڕاستدا تێپەڕیبن. ئەم ژمارەیە بە بەراورد بە هەمان قۆناغی ساڵی 2022، نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە".
یونیسێف بڵاویکردەوە بەهۆی رزگارنەکردنی ژمارەیەکی زۆر منداڵ لە ژێر پاشماوەی کەشتی لە دەریای ناوەراست یان تۆمارنەکردنیان، پێشبینی دەکرێت ژمارەی گیانلەدەستدانەکان زۆر زیاتر بێت.
ڤێرا کناوس جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەکرا زۆرێک لەو مردنی منداڵانە رێی لێ بگیرێت و گوتی: "جیهان بە ئەنقەست چاوپۆشی دەکات لەم مردنانە".