لە هەولێر رۆژانە زیاتر لە ملیۆنێک لیتر بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێت
ئازەر فارووق، پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر رایگەیاند، لە سنووری پارێزگای هەولێر 37 بەنزینخانە بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومەت، کە نرخی هەر لیترێکی 750 دینارە، بەسەر شۆفێراندا دابەش دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، دابەشکردنی ئەو بەنزینە کاتژمێر 6:00ـی بەیانی دەستپێدەکات و کۆی بڕی بەنزینی تەرخانکراو دەگاتە ملیۆنێک و 300 هەزار لیتر. ئەمەش لە کاتێکدایە هەفتەی رابردوو رۆژانە ملیۆنێک و 600 هەزار لیتر بەسەر 45 بەنزینخانەدا دابەش دەکرا و نۆرەی بەنزینخانەکان کەمتر ببووەوە.
بڕیارە بۆ رۆژانی داهاتوو ژمارەی بەنزینخانەکان و بڕی بەنزینەکەش زیاد بکرێت. هاوکات رۆژانە لە هەر وێستگەیەک 950 بۆ 1,000 ئۆتۆمبێل سووتەمەنی وەردەگرن، ئەو بڕەشی لە خەزانەکاندا دەمێنێتەوە، رۆژی پێنجشەممە لە کاتژمێر 6:00ـی بەیانییەوە تا کاتی تەواوبوونی، بەسەر شۆفێراندا دابەش دەکرێت.
سەرەڕای کەمبوونەوەی نۆرەگرتن، کوالێتیی بەنزینەکەش باشە و ئۆکتانەکەی لە نێوان 90 بۆ 91 پلەدایە، بە جۆرێک شۆفێران هیچ گلەییەکیان لێی نییە. بەردەستبوونی ئەو بەنزینە پاڵپشتیکراوەش وایکردووە نرخی بەنزینی بازرگانی لە بازاڕەکاندا دابەزێت.
بە گوێرەی بەدواداچوونی پەیامنێری کوردستان24 لەگەڵ بۆرسەی بەنزینی بازرگانی، نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆڕماڵی بازرگانی بە کوالێتیی زۆر باش بۆ 1,100 دینار دابەزیوە. بە گشتی نرخی بەنزین لە بازاڕەکاندا لە دابەزیندایە و ئێستا نرخی بەنزینی سوپەر و موحەسەن لە نێوان 1,600 بۆ 1,800 دیناردایە.