رۆمیۆ هەکاری: پاپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی بڕیارەکەی سەرۆککۆماری عێراق هەڵوێستیان دەبێت

K24 – هەولێر:
سکرتێری گشتی پارتی دیموکراتی بەیت نەهرەین، رایدەگەیەنێت، دەبێت هەموو کریستیانەک هەڵوێستی هەبێت دژی بڕیارەکەی سەرۆککۆماری عێراق و بڕیارەکە دەستوەردان بوو لە کاروبارەکانی کریستیانەکان، هاوکات گووتیشی: پاپا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دژی بڕیارەکەی سەرۆککۆماری عێراق هەڵوێستیان دەبێت.
رۆمیۆ هەکاری، سکرتێری گشتی پارتی دیموکراتی بەیت نەهرەین، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، لەم ساتەوەختە کە بارودۆخی عێراق لە هەموو روویەکەوە ناسەقامگیرە پێویستی نەدەکرد سەرۆککۆماری عێراق بڕیارێکی لەو شێوەیە دەربکات و رەوشەکە هێندەی دیکە ئاڵۆتر بکات.
هاوکات راشیگەیاند، دەستخستنە ناو کاروباری کریستیانەکان شتێکی چاوەروان نەکراوبوو، پێویستە هەموو کریستیانەکان هەڵوێستی جددیان هەبێت دژی بڕیارەکەی سەرۆککۆماری عێراق.
سکرتێری گشتی پارتی دیموکراتی بەیت نەهرەین، دەشڵێت: "دوای رووخانی رژێمی بەعس %90 ـی کریستیانەکان ژیان و حاڵی خۆیان بەجێهێشت هاتنە هەولێر بەشێکی دیکەشیان چونە دەرەوەی وڵات، ئەم کارەی سەرۆککۆماری زیاتر رەوشی کریستیانەکانی ئاڵۆزتر کرد و متمانەی ئەوەش نامێنێت کە بۆ لەمەودوا کریستیانەکان لە عێراق پارێزراوبن.
گووتیشی: "بیر لەوە دەکەینەوە کە ئیدی لە عێراق پاڵپشتییەک نییە بۆ پاراستنی کریستیانەکان و داکۆکردن لە مافەکانیان".
رۆمیۆ هەکاری، جەختی لەوەشکردەوە، سەرجەم حزب و لایەنە سیاسیە کلدانی و ئاشورییەکانی لقی ئەوروپا، ئەمەریکا و ئوستوڕاڵیا بە توندی ئیدانەی ئەو کارەی سەرۆککۆماری عێراقیان کرد و بەیاننامەیان دەرکرد.
باسی لەوەشکرد، بەم زوانە پاپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی بڕیارەکەی سەرۆککۆماری عێراق هەڵوێستیان دەبێت.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، مەسیحییەکانی عەنکاوە، گردبوونەوەیەکی نارەزاییەتییان دژی هەڵوەشاندنەوەی مەرسومێکی سەرۆککۆمار ئەنجامدا لە دژی پاتریارک کاردیناڵ لویس ساکۆ، داوایان لەسەرۆکایەتی کۆمار کرد، مەرسومەکە هەڵوەشێنێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوای ئەوەی لە ژمارەی (4727)ـی رۆژنامەی وەقایعی عێراق لە (3ـی تەمموزی 2023)، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بە مەرسوومی ژمارە (31) بڕیاری کشانەوەی مەرسومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013 بڵاوکردووەتەوە کە تایبەتە بە کاردینال پاتریارک لویس رافایل ساکۆ، لە روونکردنەوەیەکدا لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، کشانەوەی مەرسوومی سەرۆکایەتی زیان بە پێگەی ئایینی یان یاسایی کاردینال لویس ساکۆ ناگەیەنێت چونکە لەلایەن قەداسەتی پاپا فرەنسیس و کڵێسای کاسۆلیکییەوە ئەو پلەی پاتریارکی کڵێسای کلدانی عێراق و جیهانی پێبەخشراوە.